دوای لێدوانەکەی بایدن
نرخی نەوت بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزدەبێتەوە

ئەمڕۆ سێ شەممە ٨ ی ئازار جو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا کڕینی نەوت و گواستنەوەی نەوتی روسیای بۆ بەندەرەکانی ئەمەریکا راگرت و، چیتر کۆمپانیاکانی ئەمەریکا نەوت لە روسیا ناکرن و مامەڵەی پێوە ناکەن، هەر دوای چەند کاتژمێرێک لەو لێدوانە، نرخی نەوت بە هەردوو جۆرەکەیەوە برنت و خاوی ئەمەریکی بەشێوەیەکی خەیاڵی بەرزبوەوە.

لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برنت بە ١٣٠ دۆلار و ٧٨ سەنتە، پێش لێدوانەکەی بایدن بە ١٢٦ دۆلار بوو، لە دوا داخستنی بازاڕدا بە ١٢٣ دۆلار بوو. تەنها لە مڕۆدا نرخی نەوتی برنت بەرێژەی ٦.١٥% بەرزبۆتەوە.

نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمەریکی لە ئێستادا بە ١٢٦ دۆلارە، لە دوا داخستندا بە ١١٩ دۆلار و ٤٠ سەنت بوو، هەر ئەمڕۆ نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاو بەرێژەی ٤،٥٠% بەرزبۆتەوە.

پێشبینی دەکرێت هەندێک وڵاتی تری هاوپەیمانی ناتۆ چیتر نەوت و گازی سروشتی روسیا نەکڕن، وەک هەڵوێستێکی سیاسی و ئابوری دژی لەشکرکێشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

روسیا لە باری ئاساییدا رۆژانە ١١ ملیۆن بەرمیل نەوت دەخاتە بازاڕەوە، بەپێی دوا رێککەوتنی مانگی شوباتی رێکخراوی ئۆپێک پلەس، ١٠ ملیۆن و ٣٣١ بەرمیل نەوتی خستۆتە بازاڕەوە کڕیاری سەرەکی نەوت و گازی ئەو ولآتە ئەڵمانیەیە.  



PM:10:01:08/03/2022