یەکێتی: هاوپەیمانییەکەی پارتی سەرکەوتوو نابێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی هاوپەیمانی نوێی پارتی و سەدر و سوننەوە دەڵێت" سەرکەوتوو نابێت و کورد دەکاتە بەشێک لە کێشەکان".

هەرێم کەمال ئاغا  ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایگەیاند" باشترین شت کە کورد بیکات ئەوەیە، کە نەبێتە بەشێک لە کێشەکانی ناوماڵی شیعە". 

ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە ڕابردوودا هاوبەش و هەماهەنگی شیعە و سوننەکان بووین بۆ چەسپاندنی مافەکانمان، بەڵام ئێستا پارتی بووەتە بەشێک لە کێشەکانیان بێگومان ئەمەش زیان لە کورد دەدات و پەرچەکرداریان دەبێت، چونکە ئێمە دۆزێکمان هەیە لە عێراق کێشەی خاک و نەوت و ناوچە دابڕێندراوەکان و پێشمەرگەمان هەیە، پێویستمان بە هاوکاری هەموو لایەکە، نەک لایەنێک بکەینە دووژمن و لایەنێکیش دۆست.

باسی لەوەشکرد، ئەو هاوپەیمانێتییە ئەگەر سەرکەوتووشبن حکومەتێکی بێ توانا لە دایک دەبێت، ئێمە بەشداری ئەو دانیشتنە ناکەین تا نێوماڵی شیعە ڕێک نەکەون، دڵنیام ڕۆژی شەممە بەهۆی پڕنەبوونەوەی ڕێژەی تەواوی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار تێناپەڕێنرێت.

وتیشی" لۆژیکی زۆرینە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا سبەی دەبێتە زیان بۆ کوردیش، کە ڕەنگە پۆست لەدەست بدات لەسەر بنەمای کارکردن بە زۆرینە، ئەم هاوپەیمانییە زیان لە بەرژەوەندییەکانی کورد دەدات و بەشێکی زۆر لە لایەنە شیعییەکانیش، بۆیە ئەو هاوپەیمانییە سەرکەوتوو نابێت و بە قازانجی داهاتووی عێراق و پرۆسەی سیاسی نابێت". 

هەروەها جەختی لەوەشکردەوە، پۆستی سەرۆک کۆمار هی کوردە و یەکێتی بە مافی خۆی دەبینێت، چونکە زۆربەی پۆستە سیادییەکانی عێراق لە دەستی پارتی دایە، پارتی لە دەرەوەی ڕێککەوتن، بەناوی ئەم کوتلەیەی کە ئێستا هەیانە، ناتوانێت پۆستی سەرۆکی کۆمار بەدەستبهێنێت و بۆ یەکێتی دەبێت.


PM:06:20:24/03/2022