لەبارەی نەمان و کەمبوونەوەی زەیت لە بازاڕەکاندا هۆشداری دەدرێت

سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە، کە بوونی زەیت لەبازاڕەکاندا کەمی کردووە.

 

ئەمڕۆ ١٤ی نیسان پێنج شەممە سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (بازرگانی‌و پیشەسازی) ڕایگەیاند"ئەو زەیتانەی لەناوەڕاست‌و خواروی عێراقەوە دێنە کوردستان بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی کە لەلایەن کۆمانیای ئیتحاد لەناوخۆدا لەعێراق بەرهەم دێت کە گەورەترین کارگەیە  و دەشڵێت کاتێک بازرگانان ئەو ڕۆنە هاوردە دەکەن لەبازگەکاندا داوای ئەوراق‌و پشکنین دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمە لەناوخۆی عێراق بەرهەم دێت، بۆیە پێویستی بەو پشکنینانە نیە حکومەت راستەوخۆ دەتوانێت لەگەڵ کارگەکە مامەڵە بکات‌و داوای جۆری زەیتەکەو پشکنینەکەی بکات، چونکە هەر ئەو کارگەیە زەیتی بەشە خۆراکی هاوڵاتیان دابین دەکات". 

 

سەرۆکی ژوری بازرگانی،  بە پێویستى دەزانێت حکومەت کارئاسانی بکات‌ و ڕێگری لەهاتنی ئەو زەیتە نەکات، "لەبەرئەوەی بەشێک لەبازرگانەکانی سلێمانی لەگەڵ کارگەی ئیتحاد گرێبەستیان هەیەو ڕۆن‌و زەیتیان لێدەکڕن‌و هاوردەی دەکەن بۆ سلێمانی، گەر کارەکانیان لێ قورس بکرێت ئەوا بازرگانان واز لەو کارە دەهێنن‌و ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی زەیت لەبازاڕەکانی سلێمانی هەر بۆیە پێویستە کارگرانیی نەخرێتە سەر بازرگانان."

 

لەگەڵ ئەوەشدا سیروان محەمەد دڵنیاییدا لەبەردەوامی هاوردەکردنی خۆراک‌و زۆریی لە بازاڕو کۆگاکاندا، دەڵێت "لەماوەی یەک مانگدا زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تۆن خۆراک هاوردە کراوە.    

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد، هاوردەکردنی خۆراک رۆژانە بەردەوامی هەیە، لەسنورەکانەوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر دێنە ناو خاکی کوردستان بەتایبەت مەرزی باشماخ‌و پەروێزخان، لەئێستاشدا هیچ گرفتێکی خۆراکیمان نیە، بازاڕەکان‌و مارکێتەکان‌و گەنجینەکانی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلیمانی پریەتی لەخۆراک‌و پێداویستی، رۆژانە خۆراک دێت بەپێی پێداویستی ناوخۆیی پاشەکەوت دەکرێت‌و هەر لەسلێمانیشەوە خۆراک دابەش دەکرێت بەسەر شارەکانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراق".

 

سیروان محەمەد سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی  وتیشی"بازرگانانی سلێمانی بەردەوام ئاگاداری ئەو بەرهەمە خۆراکیانەن کە لە چ وڵاتێکدا هەیەو چۆن دەستیان دەگات بە بەرهەمە خۆراکیەکان لەتەواوی وڵاتانی جیهانەوە هاوردەی خۆراک‌و پێداویستیەکان دەکەن، بەتەنها لەماوەی یەک مانگی ڕابردودا بڕی زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تۆن خۆراک هاوردە کراوە بۆ ناو شاری سلێمانی کە هەمو جۆرە پێداویستیەکی خۆراک دەگرێتەوەو دڵنیایی دەدەین هیچ کێشەو گرفتێکی خۆراکی نیە". 



AM:09:34:14/04/2022