وێنە.. گەشتیارێک سنوری چواردە وڵاتی جیهانی بڕی و لە کوردستان مۆبایلەکەی لێدزرا

 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند دوو گەنجیان دەستگیر کردووە، کە هەڵسابوون بە دزینی مۆبایلی گەشتیارێک کە بۆ گەشتکردن هاتبووە هەرێمی کوردستان، لە ناحیەی خەلیفان لە سنووری قەزای سۆران.

 

 ئەمڕۆ ١٥ی نیسان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی گەشتیارێکی بە رەگەز ئەڵمانی بە ناوی (M.T) کە پاسکیل سوارە و بە پاسکیل گەشتی بۆ ١٤ وڵاتی جیهان کردووە، بە مەبستی درێژەدان بە گەشتەکەی سەردانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمڕۆش هەینی کاتێک لە نزیک ناحیەی خەلیفان ویستوویەتی کەمێک پشوو بدات مۆبایلەکەی لێدزراوە".

 

وتیشی" گەشتیارەکە دەستبەجێ پۆلیسی ناوشاری سۆران-ی لە رووداوەکە ئاگادارکردووەتەوە و راستەخۆش دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دواتر هێزەکانی پۆلیسی سۆران توانییان لە ماوەی هەشت کاتژمێر بەپێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و ماددەی ٤٤٦ی سزادان تۆمەتباران دەستگیربکەن و پەڕاوەی لێکۆینەوەیان بۆ رێکبخەن، لە میانەی لێکۆڵینەوەکانیشدا دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە کە مۆبایلی ئەو گەشتیارەیان دزیووە".


هەر لەو ڕاگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەش کراوە " پۆلیسی سۆران دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان هەمیشە ئامادە و چاوکراوە دەبین بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و پاراستی هاوڵاتییان ". 



PM:08:34:15/04/2022