ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکومەت: بەغداد گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی گرێبەستە نەوتیەکان بێ کێشەن

راوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم ڕایدەگەیەنێت" حکوومەتی عێراق گەیشتۆتە ئەو ڕاستیەی گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم بێ کێشەن، ھەر بۆیە وەزیری نەوتی عێراقیش لێدوانی لەوبارەیەوە داوە و ئامادەییان نیشانداوە و گفتووگۆکانش بەردەوام دەبن تا بگەنە چارەسەریەکی بنەڕەتی". 

بێوار خنسی، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند" گفتوگۆی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوام دەبێت و ھەڵوێستی حکوومەتی عێراقیش زۆر باشە، وەزیری نەوتی عێراقیش لێدوانی داوە و باسی لەوەکردووە کە زۆرینەی گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێمی کوردستان یاسایین و ئەوەی ماویشە بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان بێ کێشەیە و ئەگەر کێشەی ھەبووایە ئەو ھەموو کۆمپانیا زەبەلاحانەی دونیا نەدەھاتن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری نەوت کار بکەن".  

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی شارەزایانی نەوت پێان وایە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بە پەلەو و بێ وردبینی دراون، بۆیە حکوومەتی ھەرێم دەستپێشخەری کرد ئەو کێشەیە بە دانوستان چارەسەر بکرێت لەسەر بنەمای دەستوور، بۆیە ئەو دەستپێشخەریە و چوونی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا زۆر باش بوو، ئەوانیش زۆریان پێ خۆش بوو بگەنە رێککەوتنێک لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت و ئیدارەی نەوت بە شێوەیەکی باشتر بکرێت و لێدوانی وەزیری نەوتیش بەڵگەیە لەسەر گرێبەستە نەوتیەکانی ھەرێم کە بێ کێشەن و باسی لەوەکردووە تەنھا ٢٠% لای ئەوان ڕوون نیە و ئەویش بە گفتووگۆ چارەسەر دەکرێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بۆ چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکان ئامادەیە. 
ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکردووە، دیار دەبێت ئەو کێشانەی دروست دەبن بەھۆی نەبوونی سەقامگیری سیاسییە لەعێراق، بۆیە پەنابردن بۆ گفتووگۆ وا دەکات کێشەکان گەورە نەبن و بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوەی گرینگە و بنەڕەتیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەوەیە یاسای نەوت و غاز دەرکرێت، چونکە ئەوە کلیلی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانە لەبنەڕەتدا، بەڵام پێویستە یاساکە بە ھەماھەنگی لە نێوان ھەرێم و بەغدا ئامادە بکرێت. 

دەشڵێت" بڕیارە گفتووگۆ و کۆبوونەوە بەردەوام بن لە نێوان ھەرێم و بەغدا تاوەکو دەگەنە چارەسەریەکی بنەڕەتی".  


PM:05:21:17/04/2022