پەیامی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم بۆ ساڵیادی رۆژنامەگەری كوردی


سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان جەخت لە پابەندبون بە ئازادی رۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.

ئەمڕۆ 22ی نیسانی 2022، 124 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی (كوردستان) لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەكان تێدەپەڕێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە "گەلی ‏كوردستان لەپێناوی ئازادیی ‏رۆژنامەگەری و ‏رادەربڕین و سەروەریی یاسا خەبات و ‏تێكۆشانی كردووە و خوێن و گیانی بۆ كردوونەتە قوربانی، بۆیە ‏هەرگیز دەستبەرداریان ‏نابێت، ئێمەش وەك هەمیشە بە هەموو توانایەك پارێزەریان دەبین."‏

هەروەها رێواس فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "لەم یادەدا، پەیامی خۆمان ئاراستەی، ئەكادیمییان، مامۆستایانی زانكۆ و شارەزایان و سەرجەم قەڵەمە دیار و سەنگینەكان دەكەین، كە ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن بە ئاراستەی بنیادنان و پتەوكردنی كۆڵەگەكانی میدیای بەرپرسیار، بەجۆرێك كە بنەماكانی ئازادیی ڕِۆژنامەگەری، پاراستنی مافی گشتی و تایبەتمەندییە كەسییەكان پارێزراوبن و ھاوسەنگی لەنێوانیاندا بێتە بوون".

هاوكات مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە "داوا رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارە راستەقینەكانی كوردستان دەكەم رێگە نەدەن هیچ كەس و لایەنێك، ئەو پیشە و ئەركە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ رێزی و سووكایەتیكردن بە بەها بەرزەكانی نیشتمان بەكاربهێنن."



PM:01:01:22/04/2022