پەرلەمانتارێكی پارتی: حەلبوسی لە هاوپەیمانی سێقۆڵی ناكشێتەوە


پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەكاتەوە كە محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی سێقۆڵی (سەدر، بارزانی، حەلبوسی) ناكشێتەوە، چونكە لەو هاوپەیمانییە پۆستەكەی بەدەستهێناوە.

ماجید شەنگالی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "(تحالف سیادە- هاوپەیمانیی سەروەری) بەسەرۆكایەتی حەلبوسی و خەمیس خەنجەر بەشێكی گرنگن لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵی (هاوپەیمانیی ڕزگاركردنی نیشتیمان)، لەبەرئەوە‌ سەردانی ئەوان بۆ لای كاك مەسعود شتێكی زۆر ئاساییە، هەندێك گرفت لە پرۆسەی سیاسی هەن، بەدروستی ئەو سەردانە هەمووی لەبەرئەوەیە زیاتر لێكتێگەیشتن و هەماهەنگی لەنێوان هاوپەیمانیی سێ قۆڵی هەبێت، هێندەی "چوارچێوەی هەماهەنگی" جووڵە دەكات لەسەر هاوپەیمانیی سەروەری كە بەرەكە هەڵبوەشێنێتەوە، لەو هەڵوەشاندنەوەش نە پارتی و نە كوتلەی سەدری زیان لەوە نا‌كات، سەرنجی ئەوان هەمووی لەسەر هاوپەیمانیی سەروەرییە، هاتنی عەلی حاتم سلیمان و رافع العیساوی هەمووی وەكو سەركردایەتی سونی بەرامبەری حەلبوسی و خەنجەر پەیدابوون. "

دەربارەی ئەوەی ئایا محەمەد حەلبوسی بەنیازی كشانەوەیە لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵی؟، ماجید شەنگالی وتی" نەخێر حەلبوسی لە هاوپەیمانی سێ قۆڵی ناكشێتەوە، چونكە بەڕای كەسی خۆم ئەگەر حەلبوسی خۆی بكشێنێتەوە لە هاوپەیمانیی سێقۆڵی ئەوا حەلبوسی هێز و كاریگەری نامێنێت لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق واتە زۆر زەحمەتە، هاوپەیمانیی سێ قۆڵی زۆر گرنگە، كوتلەی سەدری كوتلەیەكی زۆر كاریگەرە 75 كەسن،  چوونە ناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" بەتایبەتی مالیكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، هەندێك لایەنی دژیش "چوارچێوەی هەمانگی " بەهیچ شێوەیەك حەلبوسی ناوێت وەكو شیكارێكی سیاسیە و ڕای كەسی خۆمە. "

شەنگالی ڕونیكردوە "نازانم حەلبوسی لە پۆستەكەی دەمێنێتەوە یا نا، بەڵام هەڵویستی ئەو زۆر لاواز دەبێت لەوانەیە پێگەی ئەو بكەوێتە مەترسیەوە، بەڕاستی سونی زۆر كێبڕكێی حەلبوسی دەكەن و دەیانەوێت حەلبوسی لابەرن لە پۆستی سەرۆك ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڕاستی هێزی حەلبوسی ئەمڕۆ لەناو هاوپەیمانیی سێ قۆڵیدایە وەكو وتم "چوارچێوەی هەماهەنگی" حەلبوسی ناوێت بەڕای من حەلبوسی ناكێشتەوە لە هاوپەیمانیی سێ قۆڵی، حەلبوسی كەسێكی زۆر شارەزایە و زۆر زیرەكە و دەزانێت زۆرباش بەرژەوەندی خۆی بپارێزێت. "

سەبارەت بەوەی پارتی لەگەڵ یەكێتی چیان كردووە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار؟، شەنگالی دەڵێت "وەكو دیارە هەتا ئێستا گفتوگۆ و ڕێككەوتن نییە، واتە هەریەك لە پارتی و یەكێتی، كاندیدی خۆیان هەیە، كێشەكە كێشەی ماڵی كوردی نییە و كێشەكە ماڵی شیعیە، وە كێشەی ماڵی سونیش نییە، بەڵكو كێشەی سەرەكی لەعێراقدا كێشەی ماڵی شیعیە. "

شەنگالی وتیشی" كێشەكە كێشەی سەرۆك كۆمار نییە، ڕێككەوتن نییه لەسەر ئەو پۆستە،‌ بەڵام وەكو وتم وەكو گریمانەیەك ئەگەر سازانێكی كوردیش هەبێت هەتا كێشەی ماڵی شیعی بمێنێت مانای ئەوەیە پرۆسەی سیاسی چارەسەر نابێت و سەرۆك كۆمار هەڵنابژێردرێت. "



AM:10:07:29/04/2022