رەمەزان دێکۆنی لەبارەی داڵدەدانی بکوژەکەی شۆڕشەوە هاتە دەنگ



لە کاتێکدا لیوا ڕەمەزان دیکۆنی فەرماندەی لیوای بەرگری و فریاکەوتن تۆمەتبار دەکرێت بە داڵدەدانی ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەمە و لە یەکەم ڕۆژی جەژن دا، ٤ کەسی مالێ هاوسەرەکەی کوشت و دوو کەسی تری بریندارکرد، بەڵام ناوبراو تۆمەتەکە ڕەتدەکاتەوە.

لیوا ڕەمەزان دێکۆنی فەرماندەی لیوای بەرگری و فریاکەوتن، لە لێدوانێکی تایبەت دا بۆ دەنگی ئەمەریکا، دەڵێت"تاوانبارەکە لای ئێمە ئەفسەر بووە، هەر نازانم خەڵکی کوێ یە، ئێمە ٢٧٠٠ پێشمەرگە و ٢٥٠ ئەفسەرمان هەیە، هەر نەمناسیووە."

لیوا رەمەزان وتیشی"برای قوربانیەکان کە منی تۆمەتبار کردووە، گوایە داڵدەی تاوانبارەکەم دابێت، بۆ پارەی نەفەقەی منداڵی خوشکەکەی هاتە لام، پێموت زاواکەی لای ئێمە نەماوە و لەدەوام هەڵاتووە، موچەی ڕاگیراوە و موچەکانی ڕەوانەی سەرەوە دەکەین."

کاتژمێر ٧ ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەمە، ئەفسەرێکی پێشمەرگە کە پێشتر کێشەی هەبووە لەگەڵ هاوسەر و ماڵی خەزورانیدا، هێرشی کردووەتە سەر ماڵی باوکی خێزانەکەی و لەکاتی نانخواردنی جەژن دا، خەسوی و کوڕێک و دوو خوشک و برازایەکیانی کوشتووە و کەسێکی تریشی بریندارکردووە.

بەپێی قسەی کەس و کاری کوژراوەکان، بکوژەکە پێشتر کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هەبووە و دۆسیەکەیان لەدادگایە، بەو هۆیەشەوە ٥ منداڵەکەی ڕادەستی دادگا و بنکەی بێ سەرپەرشتان کراوە، بەڵام ئەمڕۆ خەسوی و برایەک و دوو خوشک و برازایەکی کوشتووە، دوو کەسی تریشی بریندارکردووە.

مەریوان ئەحمەد برای کوژراوەکان، وتی"پێشتر تۆمەتبارەکە کە ئەفسەری پێشمەرگەیە و کێشەکەیان لەگەڵ خوشکەمدا لەدادگایە، بە ئۆتۆمبێل داویەتی لەباوکم و برینداری کردووە، دواتر پەیوەندی پێوەکردووین و دانی بەوەداناوە، بۆ کوشتن لەباوکمانی داوە، بەڵام خوا نەیکوشتووە."

گوتیشی"زاواکەمان ئەفسەرە لە لیوای بەرگری و فریاکەوتن و بڕیاری گرتنەکەیم بردووە بۆ ڕەمەزان دێکۆنی فەرماندەی لیواکەی، بەڵام ئەو تاوانبارەکەی ڕادەستی دادگا نەکردووە، تا ئەم بەیانیە ئەو کوشت و بڕە گەورەی خوڵقاند و 5 کەسی لێکوشتین ."

لە بەرامبەردا تۆمەتبارەکە کە ناوی (ح،چ) یە و پلەی نەقیبی هەیە، لەلایەن کەس و کاری کوژراوەکانی ئەمڕۆوە بەوە تۆمەتبار کرا، کە پێشتر زڕدایکی و خوشکەزایەکی و پاسەوانی کێڵگەیەکی پەلەوەریشی کوشتووە، بەم پێ یەی تا ئێستا 8 کەسی کوشتووە.

مەریوان ئەحمەد برای کوژراوەکان، لەسەر گۆڕستان و لەکاتی ناشتنی تەرمی دوو خوشک و برایەک و برازایەکیدا لەسەر گۆڕستان وتی"ڕەمەزان دێکۆنی تاوانبارەکەی ڕادەستی دادگا نەکردووە، ئێمە سکاڵا لەسەر ئەویش تۆماردەکەین و وەکو نەیاری خۆمان لێیدەڕوانین."
لای خۆشیەوە لیوا ڕەمەزان دێکۆنی فەرماندەی لیوای بەرگری و فریاکەوتن، ئامادەیی خۆی بۆچوونە دادگا نیشاندا، وتی"ملم لەبەردەم دادگا لە موو باریکترە."



PM:11:27:02/05/2022