ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: پێشمەرگە سێ هاوڵاتی بیانی رزگاركرد


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "هێزەكانی پێشمەرگە سێ هاوڵاتیی بیانیان لە دەست چەكدارانی پەكەكە رزگار كردووە و رادەستی كونسوڵخانەی وڵاتەكانیان دەكەنەوە بە مەبەستی شادبوونەوە بە كەسوكاریان".

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە "هەریەك لە ڤنسنت مارك ئەلیكساندەر و جین دیڤۆڵ، هاوڵاتی ئەمەریكایی و ئێمر ئێدوارس هاوڵاتی بەریتانیی لە دەست پەكەكە رزگار كران".

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، ئەو سێ هاوڵاتییە "لەلایەن رێكخستنەكانی پەكەكە لەخشتە براون و خەڵەتێندراون تا پەیوەندی بە ریزەكانی یەبەشەوە بكەن لە قەزای شنگال بە مەبەستی شەڕكردن لە دژی رێكخراوی داعش".

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە "پاش ماوەیەكی درێژ و هەوڵێكی زۆر پەیوەندی بە هێزەكانی پێشمەرگەوە دەكەن، دواتر هەرسێ هاووڵاتییە بیانییەكە لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە رزگار دەكرێن و لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەستی كونسوڵخانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە بە مەبەستی شادبوونەوە بە كەسوكاریان".



PM:08:38:04/05/2022