پارێزگاری دهۆک له‌باره‌ی نرخی سوته‌مه‌نی چه‌ند بڕیارێكی نوێی ده‌رکرد و ڕایده‌گه‌یه‌نێت" لیژنەیەکی ھاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچون و پشکنینی بەنزینی عێراقی كارا دەکرێت".
به‌پێی نوسراوێك كه واژۆی عه‌لی ته‌ته‌ر، پارێزگاری دهۆكی له‌سه‌ره، تیایدا هاتووە" له كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ی به‌رپرسانی ئیداری پارێزگاكه‌دا له‌باره‌ی نرخی سوته‌مه‌نی به‌تایبه‌تی به‌نزین و كوالێتییه‌كه‌ی، بڕیاردرا بڕیاره‌كانی كۆبونه‌وه‌كه ٨ی ئازاری ئه‌مساڵ له‌باره‌ی رێگری له گرانبونی نرخی سوته‌مه‌نی كارابكرێن، كه له شه‌ش خاڵ پێكهاتون".
دەقی بڕیاره‌كان:
یەکەم: کاراکردنی لیژنەیەکی ھاوبەش لە بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدواداچون و پشکنینی بەنزینی (٦٩٠) دیناری، خاوه‌نی ئەو بەنزینخانانەی پابەندی بڕیاره‌كه و مەرجەکان نەبن، سزا دەدرێن.
دووەم: پشکنینی بۆ ھەمو کۆگا و شوێنی ھەڵگرتنی بەنزین لە سنوری پارێزگای دھۆک بکرێت بۆ نەھێشتنی بەنزینی خراپ و دور لە رێنماییه‌كان و سەرپێچیکار بە توندی سزابدرێن.
سێیەم: دانانی خاڵێکی پشکنین لە "ئالۆکا" بۆ وەرگرتنی نمونەی بەنزین و گواستنەوەیان بۆ تاقیگە تایبەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی سوتەمەنی دھۆک.
چوارەم: ھەوڵبدرێت بەشی دھۆک لە بەنزینی (٦٩٠) دیناری زیادبکرێت و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر بەنزینخانەکان دابەشبکرێت.
پێنجەم: زیادکردنی ئامێرەکانی پێدانی بەنزین بەشێوەیەکی کاتی لەو بەنزینخانانەی کە بەنزینی (٦٩٠) دیناری دابەشدەکەن بۆ نەھشتنی قەرەباڵغی و کاربکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زیادکردنی بەشی دھۆک.
شەشەم: کاربکرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی ھێنانی بەنزین لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بەپێی رێنماییه کارپێکراوەکان.