پێشمەرگە و سوپای عێراق ئۆپەراسیۆنێكیان ئەنجامدا


هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەشیان لە چیای قەرەچوغ ئەنجامدا بەمەبەستی لەناو بردن و تێكشكاندنی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا.

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، لەچوارچێوەی پەرەپێدان بە هەماهەنگی و پەیوەندی و هاوكاریەكانی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەكانی عێراق، ئەمڕۆ بەیانی ئۆپەراسیۆنێكی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لە چیای قەرەچوغ دەستی پێكرد.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەم ئۆپەراسیۆنەدا هەریەك لە هێزەكانی میحوەری شەش و یەكەیەكی زێرەڤانی و هێزێكی دژەتیرۆر و چەند یەكەیەكی تری هێزی پێشمەرگە و فیرقەكانی ١٤ و ١٦ و یەكەیەكی دژەتیرۆری عێراقی، بەپشتیوانی فڕۆكەوانی هێزی ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپای عێراقی، بەشدارییان تێدا كردووە.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە ئەم ئۆپەراسیۆنە لەچوارچێوەی كاری هاوبەشی نێوان هێزەكانی فیدڕاڵی و هێزەكانی پێشمەرگە هاتۆتە دی، بەرهەمی لەیەك تێگەیشتنە ئەمنیە هاوبەشەكانی هەردوولایە، بۆ مەبەستی لەناو بردن و تێكشكاندنی چەكدارانی داعش لە ناوچەكەدا.



PM:08:41:19/07/2022