زەکەریا عەبدوڵا لەبەر قەرزاری بانکێک قەدەغەی سەفەری لێدەکرێت

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بەهۆی قەرزاری بانکێک گەشتگردنی دەرەوەی وڵاتی لە هونەرمەندی ناسراوی باشوری کوردستان (زەكەریا عەبدوڵا) قەدەغەكرد. 

بەپێی نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، كە لە ڕۆژی ٢٤ی نیسانی ئەمساڵ دەرچووە و تازە دەست میدیاكان كەوتووە و بڵاوکراوەتەوە، بڕیاردرا" سەفەری دەرەوەی وڵات لە زەكەریا عەبدوڵا قەدەغەبكرێت". 

لە نووسراوەكەدا ناوی دوو كەسی دیكەش هاتوون، کە بەتۆمەتی "بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە" بڕیارەكەیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام زەكەریا عەبدوڵا لە فەرمانەکەدا بە "قەرزدار" ناویهاتووە. 

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە

پێشتر زەكەریا عەبدوڵا کێشەی لەگەڵ بانکی کوردستان ھەبوو و باس لەوە دەكرێت، كە نزیكەی شەش ملیۆن دۆلار قەرزداری ئەو بانکەیە.

زەکەریا عەبدوڵا خەڵکی شاری ھەولێرە، لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بە کاری ھونەری کردووە، لە ساڵی (١٩٩٧)دا یەکەمین ئەلبوومی گۆرانی خۆی بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی چەندین ئەلبوومی گۆرانی و ڤیدیۆ کلیپە، جگە لەو ئاهەنگەی بۆ بۆنەی ریفراندۆمە لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری سازیکرد، ماوەی چەند ساڵێکیشە ھیچ بەرھەمێکی نوێی ھونەری بڵاونەکردووەتەوە.

دەقی نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم:


AM:11:13:06/08/2022