ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی دابین کردنی ئاوی پاکەوە کۆدەبێتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٤ ی ئاب،  کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆبوونەوەکەش دوو بڕگە لەخۆدەگرێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز دەکات".


لە بڵاوکراوەکەی گەر،انگەی میدیاو زانیاری ئەوەش هاتووە، کۆبوونەوەکە دوو بڕگە لە خۆ دەگرێت، کە یەکەمیان خستنەڕووی راپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و بەربەست و کێشەکان و پێشنیار و چارەسەر بۆیان".


باسی ئەوەش کراوە، بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی زانیاری سەبارەت بە پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی گشتی کە لە تەمەنی کابینەی نۆیەم جێبەجێکراون یان لە قۆناغی جێبەجێ کردندان لە داشبۆردی پرۆژەکان کە لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە کاری لەسەر کراوە.



PM:12:23:24/08/2022