"ناكرێت سلێمانی بە فەرمی پایتەختی رۆشنبیری بێت، بەڵام كەمترین چالاكی تێدا بێت"


بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی رایدەگەیەنێت، ناكرێت شاری سلێمانی بە فەرمی پایتەختی رۆشنبیری بێت، بەڵام كەمترین چالاكی و فێستیڤاڵ و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی رۆشنبیری وهونەری تێدا بێت، هەروەها پێشنیاریش نازناوی پارێزگاكان بۆ بوارەكان ئاڵوگۆڕیان تێدا بكرێت.

د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە (سپی) راگەیاند، ئەگەرچی شاری سلێمانی بە كردەیی و بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان كراوە بە پایتەختی رۆشنبیری، بەڵام ئەم بە پایتەختكردنە لە راستیدا نابێت ناوەڕۆكێكی بەتاڵی هەبێت، بەڵكو دەبێت لەرووی ژێرخان و سەرخانیش تێر بكرێت، بۆیە مادام شارێك ناو نراوە پایتەختی رۆشنبیری، پێویستە زۆربەی چالاكی و فێستیڤاڵ و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییە رۆشنبیری و هونەرییەكایش لە پایتەختی رۆشنبیری بێت.

ناوبراو روونیكردەوە، ئەوەش بۆ دوو هوكار دەگەڕێتەوە، یەكەمیان  بەپایتەختبوونی شارەكە وا دەخوازێت، دووەمیش لە راستیدا لە شاری سلێمانی خەڵكێكی بێشومار رۆشنبیر و هونەرمەند و فۆتۆگرافەر و شێوەكار و شانۆكار و سینەماكار و میوزیكزانی هەیە، كە رەنگە ئەمە لە شارەكانی تر نەبێت، جگە لەوەش خاوەنی جەماوەرێكی زیندووە كە بەردەوام هەموو چالاكییەكان جمەی دێت. 

د.موحسین وتی "هەروەها مەرج نییە سلێمانی بۆ هەمیشە بەفەرمی پایتەختی رۆشنبیری بێت، یان دهۆك بۆ هەمیشە پایتەختی گەشتیاری بێت، بۆ نموونە دەكرێت پێشنیاز بكەین چوار ساڵ جارێك ئەو نازناوانە بگۆڕێن، دوای ئەوەی كە پایتەختی رۆشنبیری لە سلێمانی بە شێوەیەكی فەرمی وەرگیرایەوە، كە بۆ نموونە درا بە هەولێر ئەو كات پێویستە هەموو چالاكییە رۆشنبیری و هونەرییەكان لە هەولێر بكرێت". 

بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری سلێمانی وتیشی "بەڵام ئێستا ناكرێت سلێمانی بە فەرمی پایتەختی رۆشنبیری بێت، بەڵام كەمترین چالاكی و فێستیڤاڵ و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی رۆشنبیری وهونەری تێدا بێت، بەپێچەوانەوە، براوەتە شارەكانی تر كە ئەمە لەراستیدا پێچەوانەی ئەو بڕیارەیە كە پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی داویەتی".



PM:09:46:03/09/2022