"سپاردنی فەرمانبەرانی گرێبەست بەئەنجومەنی راژە، سپاردنە بە قەدەرێكی نادیار"


دەستەی فەرمانبەرانی گرێبەست رایدەگەیەنن "لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران پرسی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی گشتی ڕاژە (ئەو ئەنجومەنەی كە لە ئێستادا بوونی نییە و هیچ فەرمانبەرێكی نیە) كە ئەمە سپاردنیەتی بە قەدەرێكی نادیار".

دەستەی فەرمانبەرانی گرێبەست لە راگەیەنراوێكدا رایانگەیاندووە، وەك لای هەموو لایەك ئاشكرایە پاش چاوەڕوانییەكی زۆر ئەمڕۆ یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت كرا بە پرسی فەرمانبەرانی گرێبەست كە تیایدا بڕیارێكی تەواو دژ بە مافەكانی فەرمانبەری گرێبەست درا.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە كە لەلایەن وتەبێژی حكومەتەوە خرایە بەردەم ڕاگەیاندنەكان پرسی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست خراوەتە بەردەم ئەنجومەنی گشتی ڕاژە (ئەو ئەنجومەنەی كە لە ئێستادا بوونی نییە و هیچ فەرمانبەرێكی نیە) كە ئەمە سپاردنیەتی بە قەدەرێكی نادیار".

راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە، فەرمانبەرانی گرێبەست بە تەواوی سپاردنی ئەم بابەتە بە ئەنجومەنی ڕاژە ڕەت دەكەنەوە لەبەر ئەم هۆكارانە "ئێمە بە فەرمی فەرمانبەری حكومەتین زۆربەمان ماوەی 10 بۆ 15 ساڵە خزمەت دەكەین هاوشێوەی فەرمانبەرێكی هەمیشەیی و دەرچوی ساڵانی سەرەتای 2000ین ناكرێت بابەتەكەمان هاوتا بكرێت لەگەڵ تازە دەرچویەكی دانەمەزراو یان توێژێك كە دەرچوی تازەن".

راگەیەنراوەكە دەڵێت "ئێمە هیچ بارگرانیەك بۆ حكومەت دروست ناكەین لە كاتی بە هەمیشەیی بونمان بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی هاوكات مانگانە بودجەی تایبەت بە موچەی خۆمان هەیە وەك فەرمانبەرێكی هەمیشەیی".

فەرمانبەرانی گرێبەست وتویانە "لێرەوە بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕادەگەیەنین بەهیچ جۆرێك بێدەنگ نابین لە بەلاڕێدا بردنی پرسەكەمان و ئەگەر بە زوترین كات ئەم پرسە یەكلا نەكرێتەوە ناڕەزایەتیەكانمان بەشێوەی فراوان دەست پێدەكەینەوە و بەردەوامی پێدەدەین تا دەگەینە مافە ڕەواكانمان".



PM:09:20:07/09/2022