ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا

بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، تائێستا پێنج کەس لە خۆپیشاندانی شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و (٧٥) کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی نوێترین ئاماری رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، لە خۆپیشاندانی شارە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دژی مردنی ژینا ئەمینی، تاوەکو ئێستا پێنج کەس کوژران و (٧٥) کەسی دیکەش برینداربوون.  

رۆژی سێشەممەی ڕابردوو ژینا ئەمینی لە تارانی پایتەختی ئێران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی‌ دەستگیرکرا و دواتریش بەشێوەیەکی تەمومژاوی رۆژی هەینی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی کەسرا گیانی لەدەستدا.

هەرچەندە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران رەتیدەکاتەوە و دەڵیت "بە جەڵتە گیانی لەدەستداوە"، بەڵام باوکی ژینا دەڵێت" کچەکەم ئەشکەنجە دراوە و بەوهۆیەوە مردووە".


AM:09:08:20/09/2022