كەجەكە لەبارەی خۆپیشاندانەكان و هێرشەکانی ئێران راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەری – كەجەكە وێڕای ئیدانەكردنی هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران لە ناوەوەی ئەو وڵاتە و هێزە كوردییەكانی ڕۆژهەڵات لە باشووری كوردستان ئەنجامی دەدات، ڕایگەیاند" دەبێت دەوڵەتی ئێران داواكاری و خواستەكانی گەلی وڵاتەكەی، بەتایبەتی ژنان بەدی بهێنێت و هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنێت". 

لە ڕاگەیەنراوەكەی كەجەكەدا هاتووە" دوای ئەوەی ژنە كورد ژینا ئەمینی لە لایەن هێزەكانی دەوڵەتی ئێرانەوە بە ئەشكەنجە كوژرا، لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان چالاكییەكانی گەل دەستی پێكرد و لە سەرانسەری ئێراندا تەشەنەی شەند و بڵاوبووەوە، بە هۆی دەستێوەردانی توندی دەوڵەتی ئێران، لەو چالاكییانەدا كەسانێكی زۆر گیانیان لە دەست دا، ئەم چالاكیانەی گەل بە پێشانگایەتی ژنانەوە دەستی پێكرد و داوای ئازادی و دیموكراسی كۆمەڵگای ئێران و بە تایبەت ژنان دەكەن، هەر بۆیە هێرش و دەستێوەردانی دەوڵەتی ئێران لەم چالاكییانەدا و كوژرانی خەڵكێكی زۆر بە هۆی ئەو هێرشانە قبوڵ ناكرێت، بە ناوی بزوتنەوەی ئازادیی كوردەوە ئەم هەڵوێستە هێرشبەرانەیی دەوڵەتی ئێران شەرمەزار دەكەین و بە ڕێزەوە یادی ئەو كەسانە دەكەینەوە كە گیانیان لە دەست داوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، حكومەتی ئێران هاوكات لەگەڵ هێرش بۆ سەر گەل لە ناوخۆدا، هێرشی كردە سەر هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشووری كوردستان، چونكە دەوڵەتی ئێران كوردان وەك بەرپرسی ئەم كارە دەبینێت، لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر ڕێكخراوە كوردییەكان، ژمارەیەكی زۆر شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر و خەڵك گیانیان لەدەستدا، ئەو كەسانەی بەهۆی ئەو هێرشانەوە گیانیان لەدەستداوە بەبیردەهێنینەوە و پرسە و سەرخۆشی لە گەلی كوردستان و هێزەكانی ڕۆژهەڵات دەكەین و ئەو هێرشانەی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر هێزە كوردییەكان شەرمەزار دەكەین، ئەم ڕێبازەی دەوڵەتی ئێران ئەنجامی نەرێنی بۆ خەڵك و دەوڵەتی ئێران بەدوای خۆیدا دەهێنێت و كێشەكان قورستر دەكات. 

هاوسەرۆكایەتی كۆنسەی بەڕێوەبەری - كەجەكە جەخت لەوەش دەكاتەوە، دەوڵەتی ئێران دەبێت داواكاری ئازادی ژنان و داواكاری دیموكراسی گەلی ئێران ببینێت، ئەو داخوازیانە بەدی بهێنێت و هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنێت، ئەو داخوازیانەی كە ژنانی كورد و ئێران دەریدەبڕن، داواكاری دێموكراتیك و ڕەوا و گشتگیرن، جێگای قبوڵ نییە كە داخوازییەكانیان نەبینرێت و پشتگوێ بخرێت و بە توندوتیژی سەركوت بكرێت.

كەجەكە باسی لەوەشكردووە، ڕێبازی دەوڵەتی ئێران كە چاوپۆشی لە ڕاستی ژنان دەكات و ئیرادەی ئازاد ناناسێت و بە توندوتیژی هەوڵی سەركوتكردنی دەدات، دژی مرۆڤایەتییە و جێگەی قبوڵكردن نییە، دەبێت دەوڵەتی ئێران واز لەوە بهێنێت، كە بە مێشك و تێگەیشتن و بە باڵادەستی پیاو لە ژنان و داخوازییەكانی ژنان بۆ ئازادی نزیك ببێتەوە، دەوڵەتی ئێران كە دەڵێت: بە كولتوور و بیروباوەڕی مێژوویی خۆی، ڕوانگەیەكی ئەرێنی لە ژنان و كۆمەڵگا و مرۆڤایەتیی نیشان دەدات، بە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە داخوازییەكانی ئازادیی ژنان، كۆمەڵگا و خەڵك نیشانی دا كە ئەو بانگەشەیە ڕاست نییە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی كەجەكەدا هاتووە" دەوڵەتی ئێران هەمیشە چالاكییەكان لەسەر بنەمای داخوازی و ناڕەزایەتی ڕەوای خەڵك، وەك گەمە دەسەڵاتە بیانیەكان نیشان دەدات، پێویستە ئێستا واز لەم قسانە بهێنێت، چوونكە ئەم قسانە ڕاست نییە و هیچ دەرئەنجامێكیشی نییە، خەڵك و كۆمەڵگای ئێران بە تایبەت ژنان كێشەی جددییان هەیە، گرنگە دەوڵەتی ئێران بیبینێت و قبوڵی بكات كە ئەم دۆخە بە هێزی دەرەكی ناتوانرێت ڕوون بكاتەوە، پێویستە دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە داواكارییەكانی كۆمەڵگا هەنگاو بنێت و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان گرنگە شێوازەكانی دیالۆگ و دانوستان و رێككەوتن بگیرێتەبەر و كێشەكان چارەسەر بكرێت". 

كەجەكە دووپاتیشیكردۆتەوە، دەوڵەتی ئێران و هێزەكانی دیكەش دەزانن كە بزوتنەوەی ئازادیی كورد بەردەوام لە دژی دەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان لە بەرژەوەندیی گەلاندا نییە و بە كەڵكیان نایات، هەر بۆیە ئێمە ئەو هەڵوێستەمان بە دروست دەبینین و بەردەوام دەبین لەسەری، ڕاست ترین و كاریگەرترین ڕێگە بۆ رێگریی لە دەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان ئەوەیە كە لە پێناو جێبەجێكردنی داواكارییەكان بۆ دیموكراسی و ئازادیی كۆمەڵگا هەنگاو بنرێت، ئەگەر بەرەو دیموكراسی هەنگاو بنرێت، بناغەی گەمە و دەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان وشك دەكرێت و ڕێی لێدەگیرێت، تا ئەوە نەكرێت نە دەوڵەتەكان لە ناو كۆمەڵگادا ڕەوایەتییان دەبێت، نە مەترسی دەستوەردانی هێزە دەرەكییەكان دەڕەوێتەوە.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكەیيدا كەجەكە دەڵێت" دەوڵەتی ئێران لە بری ئەوەی بە هۆی چالاكییەكانی گەلەوە كوردان بە تاوانبار نیشان بدات، دەبێت لەسەر بابەتی چارەسەری پرسی كورد ڕاوەستە بكات، دەبێت پرسی كورد ببینرێت، قبوڵ بكرێت و لە بابەتی چارەسەركردنی پرسی كورددا هەنگاو بنرێت، كێشەی كورد تەنیا پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، سەرەكی ترین كێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، ناكرێت كە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگیرێت، هەر كەسێكیش لەبەر چاوی نەگرێت، بەر لە هەموو كەس خۆی زیانی پێدەگات، هەر بۆیە هێرشەكان بۆ سەر گەلی كورد و هێزە كوردییەكان بە كەڵكی دەوڵەتی ئێران نایات، دەبێت دەوڵەتی ئێران ئەو ڕاستییە ببینێت، دەست لە مامەڵەی بە نەبوو دانان و نەبینین هەڵبگرێت، دەستبەجێ كۆتایی بە هێرشی سەر گەل، ژنان و رێكخراوە كوردییەكان بهێنێت". 


PM:02:06:30/09/2022