(سپی) زانیاری ورد لەسەر بکوژانی ڕۆژنامەنووس زیلان بڵاودەکاتەوە

بەیانی دوێنێ سێشەممە لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی ژنە ڕۆژنامەنوس(ناگەهان ئاكارسەر) ناسراو بە زیلان بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا، شەوەکەشی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژانی ڕاگەیاند، "سپی" زانیاری ورد لەسەر بکوژانی بڵاودەکاتەوە. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، ئەو کەسانەی کە ئەو ڕۆژنامەنووسەیان کوشتووە گروپێک بوون، هەموویان کار ئاسانیان بۆ بکوژەکە کردووە، کە کەسێکی گەنجە. 

بەپێی ئەو زانیارییانە، بکوژەکە بەڕەگەز تورکە، هەروەها ئەم بکوژە کەمتر لە ماوەی هەفتەیەکە هاتۆتە کوردستان و دەزگای سیخوڕی تورکیا (میت) پلانیان بۆ داڕشتوە، کە ژنە ڕۆژنامەنوس زیلان بکوژێت. 

شەوی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی دوێنێ ئاگاداركراین لە ڕووداوێكی كوشتنی ژنێك بەناوی (ناگەهان كمال ئاكارسەر) لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، دەستبەجێ هێزەكانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكە و دەست بە لێكۆڵینەوە كرا و پاش بەدواداچوونی وورد لەماوەی چەند كاتژمێرێكی كەمدا لە ژێر ڕێنمایی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر- كۆیە توانرا تۆمەتبارانی ئەم كردەوەیه دەستگیر بكەین. 


PM:12:49:05/10/2022