پزیشكی دادیی ئێران رایدەگەیەنێت، هۆكاری گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی بەهۆی "زەبری دەرەكییەوە" نەبووە.
پزیشكی دادی ئێران ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینی هۆكاری گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە "هۆكارەكەی نەشتەرگەرییەك بووە كە ژینا ئەمینی لە تەمەنی هەشت ساڵیدا ئەنجامی داوە، بەو هۆیەشەوە لە رۆژی 13-09-2022 تووشی بوورانەوە بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە".
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بەپێی بەڵگەی پزیشكانی نەخۆشخانە و CT سكانی مێشك و سییەكان، دەركەوتووە هۆكاری گیانلەدەستدانەكەی بەهۆی بەركەوتنی زەبر بەر سەر و جەستەی نەبووە".
ژینا ئەمینی، كچە كوردێكی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستانە و مانگی رابردوو لەگەڵ خێزانەكەیدا سەردانی شاری تارانی پایتەختی ئێرانیان كرد، بەڵام لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە بەبیانووی پابەندنەبوون بە پۆشینی لەچك دەستگیركرا و دواتر گیانی لەدەستدا، كەسوكاریشی هۆكارەكەی بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیسەوە دژی ژینا دەگێڕنەوە.