(سپی) هۆكاری بایكۆتی ئەمڕۆی یەكێتی لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرا دەكات


تیمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە حكومەتی هەرێم جگە لە دوو وەزیریان، بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانیان كردووە و هۆكاری سەرەكیشی بۆ دۆسیەی كوشتنی هاوكار جاف دەگەڕێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی (سپی) لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران، هەریەك لەقوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كە سەرۆكی تیمی یەكێتیشە لە حكومەت، لەگەڵ وەزیرەكانی دیكەیان جگە لە وەزیرانی پلاندانان و رۆشنبیری، بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردووە.

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن "هۆكاری سەرەكی بایكۆتەكە دەگەڕێتەوە بۆ نیگەرانبوونی یەكێتی لە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانی تۆمەتبارانی كوشتنی هاوكار جاف، ئەفسەری دەزگای زانیاری لە شاری هەولێر".

هەر بەپێی زانیارییەكان "مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ نامەیەكی دەركردووە كە پەیوەندی بە دۆسیەی هاوكار جاف هەبووە  وتویەتی دوای رووداوەكە، داوای وەفدێكی یەكێتیان كردووە بۆ قسەكردن لەسەر ئەو دۆسیەیە و سێ رۆژیش چاوەڕوان بوون، بەڵام یەكێتی نەچوون، بۆیە دواتر دانپێدانانەكان بڵاوكراونەتەوە.

دوای كوشتنی هاوكار جاف لە سەرەتای ئەم مانگە لە شاری هەولێر، ئاسایشی هەولێر چەند تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد و لە دانپێدانانەكاندا رایانگەیاند كە "لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژە تیرۆری یەكێتی"یەوە بۆ ئەو كارە راسپێردرابوون.

هەر بەپێی زانیارییەكانی (ٍسپی) بەشێكی دیكەی نیگەرانی یەكێتی لە حكومەتی هەرێم پەیوەندیشی بە دۆسیەی كوژرانی موراد كانی كوردەیی، ئەفسەری پێشووی یەكێتییەوە هەیە كە ساڵی رابردوو لە شاری رانیە لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە كوژرا و بەكەسێكی نزیكی لاهور شێخ جەنگی دادەنرا. دۆسیەی كوشتنی كانی كوردەیی بۆ شاری هەولێر گواستراوەتەوە و داوای ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانیش كراوە لەبەردەم دادوەر.




PM:03:51:26/10/2022