دوو ڕۆژنامەنووس بەهۆی هێرشەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونە قوربانی

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لە کاتی ڕوماڵکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سنوری ڕۆژئاوای کوردستان دوو ڕۆژنامەنووس بوونە قوربانی. 

ئاژانسی هاوار نیوز کە میدیایەکی نزیک ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستانە کەمێک پێش ئێستا ڕایگەیاند" پەیامنێرمان (عیسام عەبدوڵا) لە کاتی ڕووماڵکردنی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەی دێرک، بەهۆی بۆردوومانێکەوە شەهید کرا". 

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" عیسام سەرەتا برینداربووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بۆردوومانەکە چڕ بووە و بەدەمییەوە نەچوون شەهیدبووە". 

هەروەها بەپێی زانیارییەکان، محەمەد جەراد کە پەیامنێری کەناڵی تەلەفزیۆنی ستێرکە، هەر ئەمڕۆ لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەی گردی مەشتە نوور کە دەکەوێتە باشووری کۆبانێ لە باکوری سوریا بریندار بوو.

لە شەوی ڕابردووەوە، هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر شارەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستپێکردووە و  ناوچەکانی دانیشتوانی مەدەنییان کردە ئامانج و زیانی مرۆی و ماددییان لێکەوتەوە، بەڵام قەبارەی زیانەکان تا ئێستا نادیارە.


AM:11:33:20/11/2022