توركیا مەرجێك بۆ پاشەكشەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ رۆژئاوا دادەنێت


توركیا مەرجێكی بۆ ئەمەریكا و رووسیا داناوە تا پاشەكشە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ رۆژئاوای كوردستان بهێنێت.

سەرچاوەیەكی فەرمی توركیا بە كەناڵی جەزیرەی راگەیاندووە، وادە و مەرجێك لەلایەن ئەنقەرەوە دانراوە بۆ واشنتۆن و مۆسكۆ لەبەرامبەر پاشەكشە لە ئۆپراسیۆنی سەربازی كە توركیا بە نیازە لە باكووری سوریا ئەنجامی بدەن.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەنقەرە وادەیەكی دیاریكراوی بۆ لایەنی ئەمریكی و ڕووسی داوە بۆ دەركردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە مەنبەج، تەل ڕیفعەت و كۆبانێ لە باكووری سوریا، ئەنقەرە لایەنی ڕووسی و ئەمریكی ئاگاداركردۆتەوە كە وادەی دیاریكراو درێژ ناكرێتەوە، بەدیلەكەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەبێت لەدژی هێزە كوردییەكان.

هەر بەپێی قسەی سەرچاوەكە، لایەنی ئەمریكی پێشنیازی داڕشتنەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات و پێدانی ڕۆڵی زیاتری بە پێكهاتەی عەرەبی لە بەڕێوەبردنی مەنبەج و تەل ڕیفعەت و كۆبانێ كردووە،  توركیا پێش ئەوەی تاوتوێی پێشنیازەكانی ئەمریكا بكات، داوایكردووە دامەزراوە نەوتییەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە دەربهێنرێت.





PM:10:19:06/12/2022