ئەو كەسەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی لە کچێک دەكرد دەستگیركرا


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنە تایبەتیەكانی لەژنێك كردبوو.

پۆلیسی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندوە، پاش ئەوەی ژنێك سكاڵای یاسایی تۆماركرد كە كەسێك هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ و وێنە تایبەتییەكانی لێدەكات، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی‌ تۆمەتبار.

پۆلیس ئاماژەی بەوەكردووە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی هەواری‌ شارەوە دەستگیربكرێت، لەئێستادا تۆمەتبار (ح، ن، م) لەدایكبوی‌ 2000 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 2ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.




PM:10:23:05/02/2023