لاهور شێخ جەنگی لەسەر چوونی هێزێك بۆ سەر باخەكەی هاتە دەنگ


لاهور شێخ جەنگی، رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ هێزی ئەمنی هەڵیانكوتاوەتە سەر باخەكەی و پاراستنی گیانی ئەو كەسانەشی لە باخەكەدا بوون دەخاتە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی.

دەقی روونكردنەوەكە..

ڕوونكردنەوەیەك لە نوسینگەی لاهور شێخ جەنگییەوە

وەك ئاشكرایە لە دوای ڕووداوەكانی ٨ـی تەمووزەوە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی حیزبەكەی پەنای بردۆتە بەر یاسا و هەموو هەوڵێكیشی بەو ئاڕاستەیە بووە، بەڵام لە دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری دادگا و گەڕانەوەی مافەكانی وەك هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گروپ و تاقمێكی لە یاسادەرچوو كە دەستیان سوورە بە شەهیدكردنی چەند هەڤاڵێكمان هەوڵی ئاژاوەگێڕیی دەدەن، هەر بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو گروپە لە یاسادەرچووە لە ڕێگەی هێزێكی چەكدارەوە بە بێ فەرمانی دادوەر و بێ هیچ بیانوویەك هەڵیانكوتاوەتە سەر باخی بەڕێز لاهور شێخ جەنگی لە گوندی كێلەسپی لە شاری سلێمانی، لە كاتێكدا ئەو باخە دوو ساڵە بەكار نەهاتووە و هیچ هێزێكیشی لێ نییە، تەنیا چەند كەسێك كە خەڵكی ئەو ناوچەیەن وەك كارگوزار و باخەوان كاریان كردووە.

لەگەڵ ئەوەی سەلامەتیی ژیانی ئەو كەسانەی لەو باخە كاریان كردووە دەخەینە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، لەهەمانكاتدا هەموو ڕێكارێكی پێویست دەگرینە بەر دژی ئەو یاساشكێنییە، سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەكان و كونسوڵخانەی وڵاتان و دیبلۆماتكاران و نەتەوەیەكگرتووەكان لەم كارە مەترسیدارە ئاگادار دەكەینەوە كە لەسەر دەستی ئەو تاقمە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستی پێكردووە و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و كار و پیشەی كاسبكاران و جوڵەی بازرگانەكان خراوەتە مەترسییەوە.

دووپاتیدەكەینەوە كە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە باجی ئەو كارە نابەجێ و ناپەسەندەیان دەدەن و پیلانەكانیشیان لە زووترین كاتدا پووچەڵ دەكرێتەوە، هەموو یەكێتییەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو كارانە بەڕێز لاهور شێخ جەنگی سوورتر دەكات لە هەوڵەكانی بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو بارە لارەی كە ئەو تاقمە لە یاسادەرچووە بەسەر یەكێتی و دەڤەری سلێمانیدا سەپاندوویانە.
نوسینگەی بەرێز لاهور شێخ جەنگی



PM:08:33:08/03/2023