روونكردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لەسەر چوونی هێز بۆ باخی لاهور شێخ جەنگی


ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو كەسانەی چوونە سەر باخی لاهور شێخ جەنگی، هیچ پەیوەندی بە دەزگا فەرمییەكانەوە نەبووە و بڕیاری شەخسی بووە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەڕوونكردنەوەیەكدا رایگەیاندووە، "گروپێكی ناو یەكێتی نیشتمانی لە ئەنجامی كێشە ناوخۆییەكانی ناو حیزبەكەیان ئێوارەی ئەمڕۆ چورشەممە هەڵیانكوتاوەتە سەر باخێك لە گوندی كێلەسپی و چەند كەسێكیان دەستگیر كردووە". 

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "ئەم پەلامارە هیچ پەیوەندییەكی بە یاسا و لایەنە فەرمییەكانەوە نەبووە و زیاتر بڕیارێكی حیزبی و تاكەكەسی بووە و ئەم جووڵەیە ڕێز نەگرتنە لە سەروەریی یاسا و دامەزراوە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان".

هەر سەبارەت بە چوونی ئەو هێزە ئاسایشی سلێمانی لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند "چەند كەسێكی لەیاسا دەرچوویان دەستگیركردووە"، هەروەها لاهور شێخ جەنگیش رایگەیاندووە "دەستگیركردنی ئەو كەسانە لە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە".



PM:11:40:08/03/2023