" سپی " هۆکاری ‌بڵاوەپێکردنی هێز لە نزیک ماڵی لاهور جەنگی بڵاودەکاتەوە

لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە، هەینی ١٧ ی ئازار لە نزیک ماڵی لاهور جەنگی لە گردی سەرچنار هێز بڵاوە پێکراو ئەو رێگایانە لەلایەن پاسەوانییەکانیەوە گیران کە دەچنە سەر ماڵەکەی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند" کۆکردنەوەی هێز لەلایەن لاهور جەنگییەوە هیچ پەیوەندیەکی بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە نییە".

ئەو بەرپرسە لە درێژەی لێدوانەکەیدا وتیشی " بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی داوەتی کونسڵەکانی هەرێم و رێکخراوە بیانییەکانی و چەندان کەسایەتییان لە سەرچنار کە شوێنێکی گەشتیارییە کردبوو، بۆ پاراستنی ئەو کونسڵ و کەسایەتییە بیانیانە دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان هێزیان بەناو ئەو شوێنە گەشتیاریەو چواردەوریدا بڵاوکردبووە".

" ئەو هێزە جگە لە ئامانجی پاراستنی ئەو میوانە بیانییانە هیچ ئەرکێکی تریان نەبووە".( سەرچاوەکەی سپی دەڵێت).

دەربارەی بڵاوەپێکردنی هێز لە دەوری ماڵی لاهور شێخ جەنگی لەلایەن هێزی پاسەوانی ناوبراوە، بەرپرسەکەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە نازانن ئەو هێزە بۆچی کۆکراوەتە، بەلآم هێزە فەرمیەکانی حکومەت بۆ پاراستنی ئەو میوانانە بووەو، ئەمەش لە هەر شوێن و سەیرانگایەک بکرایە، هەر ئەم رێوشوێنە ئەمنییانە دەگیرانە بەر".

ناکۆکیییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بەردەوامەو ناوبەناو بارگرژی تێدەکەوێت، ئەمڕۆش ئەو هێزەی لایەنگری لاهور جەنگین بە گردی سەرچنار لە  نزیک ماڵی ناوبرو بڵاوەی پێکرابوو. 
 

PM:08:33:17/03/2023