شەپۆلێکی بەفربارین و بارانی بەلێزمە ڕوو لە هەرێم دەکات

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی کەشوهەوای (٤٨) کاتژمێری داهاتووی ناوچە جیاجیاکانی راگەیاند و دەڵێت" سبەینێ هەورە تریشقە و لێزمە باران دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان و شاخە بەرزەکان". 

بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە هەندێک کات هەوری تەواو دەبێت، لەگەل بارینی کەمێک باران لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان، لە هەندێک ناوچە بە تایبەت ناوچەکانی باشووری هەرێم ئەگەری بوونی تۆزێکی سووک هەیە، لە درەنگانی شەو کاریگەری بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات پلەکانی گەرما دوو تا سێ پلە نزمدەبنەوە، خێراى با (١٠ - ٢٠) کم دەبێت، بەڵام لە هەندێک ناوچە چالاک دەبێت بۆ سەرووی (٣٠)کم بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا و مەوداى بینین لە نێوان (٧ – ٩)کم دەبێت. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ باران بارینی پچڕ پچڕ لە زۆربەی ناوچەکان و هەندێک کات هەورە تریشقە و لێزمە باران دەبێت، ڕێژەی دابارین لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دهۆک زیاتر دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لە ناوچە شاخاویە سنووریەکان و شاخە بەرزەکان، پلەکانی گەرما چوار تا شەش پلە نزمدەبنەوە و خێراى با (١٠ - ٢٠)کم دەبێت و هەندێک کات چالاک دەبێت بۆ سەرووی (٣٠)کم بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا و مەوداى بینین لە نێوان (٨ – ١٠)کم دەبێت. 


AM:11:01:30/03/2023