زانیاری نوێ سەبارەت بە گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی بۆ حكومەت ئاشكرا کرا


وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) رایدەگەیەنێت "كێشەی مووچەی سلێمانی چارەسەر بكەن، ئینجا باسی گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتی بۆ كۆبوونەوەكنی ئەنجومەنی وەزیرن دەكەین".
 
ئەمڕۆ سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، لە یۆنان بە (رووداو)ی راگەیاندووە "بۆ دابینكردنی مووچە، سلێمانی 30 بۆ 32 ملیار دینار كورتهێنانی هەیە". هەروەها دەڵێت "داوامانكردووە پرسی مووچە تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەكان نەكرێت".
 
هەروەها بەپێی راگەیەندراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا یەكێك لەو بابەتانەی دەخرێتەڕوو، ئەنجامی سەردانی شاندی حكومەتە بۆ لای قوباد تاڵەبانی سەبرەت بە گەڕانەوەیان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
 
سەمیر هەورامی وتویەتی "داواكارییەكانی یەكێتی داواكاری گشتین كە سەرەكیتیریان پرسی مووچەیە. ئێمە، دەمانەوێت لە هەرێمی كوردستان مووچە بكرێت بە سیادی، ناكرێت لە شارێك دابەش بكرێت و لە شارێكی دیكە دابەش نەكرێت"
 
هەروەها وتیشی "ئێستا من لەگەڵ بانكی ناوەندیی هەرێم / سلێمانی لەسەر هێڵ بووم، نزیكەی 30 بۆ 32 ملیار كورتهێنانمان هەیە بۆ دابەشكردنی مووچە".



PM:01:26:26/04/2023