سبەینێ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر بوودجەی هەرێم کۆدەبێتەوە

بڕیارە سبەینێ دووشەممە ٢٩ی ئایاری ٢٠٢٣ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر مادەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کۆببێتەوە.

لەمبارەیەوە شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند" سبەینێ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەبارەی مادەکانی (١٣ و ١٤)ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق کۆدەبێتەوە". 

وتیشی" ڕێگە نادەین ئەو دوو مادەیە بە ڕەشنوسە نوێیەکە بێت، بەڵکو دەبێت بەو شێوەیە بێت کە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی لەسەری ڕێککەوتون".

لە کۆبوونەوەکەدا فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا، فوئاد حسێن و ژمارەیەک سەرکردەکانی شیعە و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەشدار دەبن. 

شەوی ٢٦ی ئەم مانگە، لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چەند گۆڕانکارییەکی لە ھەردوو مادەی (١٣ و ١٤)ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵیدا کرد کە تایبەتە بە داھاتی نەوت و شایستە داراییەکانی ھەرێم. 


PM:04:07:28/05/2023