دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان:هیچ ڕۆژنامەنووسێکی فەڕەنسی دەستگیرنەکراوە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی بڵاودەکاتەوە ڕایدەگەیەنێت" بەڕێزەوە مامەڵەمان لەگەڵ ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەکە کردووە و گواستراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و بەڕێزانمان لە کونسوڵخانەی فەڕەنسا ئاگادارکردۆتەوە".

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە ئەو ڕۆژنامەنوسە ( فەڕەنسی )یە دەستگیرکرابێت ، بەڵکو لەلایەن ئاسایشەوە بۆ پاراستنی گیانیان لە ناوچەکە دوور خراونەتەوە .



دەقی ڕوونکردنەوەکە : 

دوای ئەوەی ڕۆژی ٢٠٢٣/٦/٢ ڕۆژنامەنوسێکی فەڕەنسی بە ناوی ( بێنوا بینیامین جۆسێف ) و هاوەڵە وەرگێڕەکەی سەردانی ناوچەی ( گەڵاڵە )ی ماوەت دەکەن ، لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە ئاگادار دەکرێنەوە لەوەی ئەو ناوچەیە لە ڕووی ئەمنیەوە ناوچەیەکی مەترسیدارە و هەرچی زووە لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان ناوچەکە جێبهێڵن ، بەڵام ئەوان پێداگری دەکەن لەوەی بڕۆن ، دواتر لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و داوایان لێدەکرێت لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان ئەو ناوچەیە جێبهێڵن ، چونکە لە ڕووی ئەمنیەوە ئەو شوێنە هەستیارە و لەو کاتەشدا درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا سوڕاوەتەوە .

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، بەڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژنامەنوسە فەڕەنسیەکە کردووە و گواستراوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و بەڕێزانمان لە کونسوڵخانەی فەڕەنسا ئاگادارکردۆتەوە و دڵنیا کراونەتەوە لە سەلامەتی گیانی هاوڵاتیەکەیان .



PM:11:59:03/06/2023