کەشناسی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەواى بۆ ڕۆژانى جەژنى قوربان ڕاگەیاند

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ گشتی كه‌شناسی‌ و بومەلەرزەی هەرێم سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی‌ گواستنه‌وه‌ و گەیاندن پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ڕۆژانی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە کە بەگشتی ئاسمان ساماڵ دەبێت. 

بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی هەرێم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی حوزەیران ئاسمان بە گشتى ساماڵ دەبێت، سەبارەت بە پلەکانى گەرما  بە تایبەت بەرزترین پلەی گەرماى پێشبینیکراو لە سەنتەرى پارێزگاکانی (هەولێر ٤٠ پلە و سلێمانی ٣٧ پلە و دهۆک ٣٨ پلە و هەڵەبجە ٤١ پلە و کەرکوک ٤٣) پلەی سیلیزی دەبێت. 

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا کەشناسی هەرێم سەبارەت بە کەشوهەوای ناوچە شاخاوییەکان ئاماژە بەوە دەکات، بەرزترین پلەکانى گەرماى لە نێوان (٣٠ - ٣٥) پلەى سیلیزى دەبێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان بەرزترین پلەکانى گەرما لە نێوان (٢٧ - ٣٠) پلەى سیلیزى دەبێت و لە ئیدارەى گەرمیانیش بەرزترین پلەکانى گەرماى لە نێوان (٤٢ - ٤٤) پلەى سیلیزى دەبێت.

لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژى پێنج شەممە کەشناسی باس لەوە دەکات، بەرزترین پلەى گەرمى پێشبینیکراو بە یەک پلە بەرزدەبێتەوە لە سەرجەمى ناوچەکان و ئاسمانیش بە گشتى ساماڵ دەبێت، هەروەها ڕۆژى هەینیش پێشبینى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما لە تەواوى ناوچەکان هەیە بە نزیکەى دوو تا سێ پلەى سیلیزى و ئاسمانیش هەر ساماڵ دەبێت.


PM:12:20:26/06/2023