جۆ بایدن پیرۆزبایی جەژنی قوربان لە مسوڵمانان دەكات

سەرۆكی ئەمریكا، بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامی جەژنە پیرۆزەی بۆ مسوڵمانانی ئەمریكا و جیهان بڵاوكردەوە.

جۆ بایدن لەگەڵ جیڵ بایدنی هاوسەری پەیامی خۆیان ئاراستەی ئەوانە كرد كە جەژنی قوربان دەكەنەوە و رایانگەیاند لەم جەژنەدا راستگۆیی پێغەمبەر ئیبراهیم و خێزانەكەی لەگەڵ خودادا یاد دەكرێتەوە و خۆنەویستی و خێرخوازی وەبیردەهێندرێتەوە.

سەرۆكی ئەمریكا، ئاماژەی بەوەكردوە،ئەمساڵ بۆ یەكەم جار لە كۆشكی سپی بە میواندارێتی جێگری سەرۆك كاماڵا هاریس و هاوسەرەكەی لەگەڵ سەرۆكی كۆمەڵە مسوڵمانەكان كۆدەبنەوە و جەژنی قوربان پیرۆز دەكەن و رایگەیاند "شانازی بە میواندارێتی ملیۆنان مسوڵمان دەكەن كە پێكهاتەی كلتووریی ئەمریكا دەوڵەمەند دەكەن و بەشدارن لە كۆمەڵگا".  

بایدن، ئاماژەی بەو سوودانە كرد كە مسوڵمانانی ئەمریكا لە بوارە جیاوازەكاندا پێشكەشی وڵاتەكەیان كردووە و وتی: "بوونی ئەوان، پابەندبوونمان بە فرەیی، لە خۆگرتن و ئازادیی ئایین بەهێزتر دەكات".

جۆ بایدن، باسی لەوەش كرد كە لەم جەژنەدا ژمارەیەكی زۆر مسوڵمان لە هەموو جیهانەوە لە سعوودیە فەریزە حەج بەجێدەگەێنن و سەرنجی بۆ ئەوە راكێشا كە مسوڵمانانەكان لە ناوچە جیاجیاكانی جیهانەوە بۆ حەجكردن كۆبوونەتەوە و ئیحرامی رەنگی سپییان پۆشیەوە و بە شێوەیەك یەكسانن.


PM:04:17:28/06/2023