لەبارەی ناردنی پارە و پشکی هەرێم لە بەغداوە زانیاری نوێ ڕاگەیەندرا

بڕیارە سبەینێ دووشەممە شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم سەردانی بەغداد بکات، ئامانجی سەردانەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر کۆمەڵێک پرسی هەڵواسراو لە نێوان بەغدا و هەرێم. 

کاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکدا بە کەناڵی ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند" پێشبينى دەكرێت ھەرێم و بەغدا پابەندى رێككەوتنەكانيان ببن و شاندى ھەرێم لەسەر ميكانيزمى ناردنى بوجە سەردانی بەغدا دەکات". 

لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا کاروان یاروەیس باسی لەوەکرد" سەرباری رادەستکردنی نەوت مانگانە ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی وەک ناوخۆ و خاڵە سنوریەکان دەچێت بۆ خەزێنەی گشتی حکومەتی ناوەندی، لە بەرامبەردا بەغدا مانگانە پارە و پشکی هەرێم بە گوێرەی یاسای بودجە دەنێرێت". 

وتیشی" هەرچەندە پابەندييەكانى نێوان ھەرێم و بەغدا پێويستى بە كات ھەيە، بەڵام لەم مانگەوە بەشە بودجە لە بەغداوە دەگاتە ھەرێم". 

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە سبەینێ دووشەممە ٣ی تەموزی ٢٠٢٣ شاندێکی هەرێم بچێتە بەغدا و دوایین مامەڵە لەگەڵ بەغدا دەکات لەسەر هاتنى پشکى هەرێم و گفتوگۆکردن لەبارەی چەند دۆسیەیەکی نێوانیان.


PM:01:55:02/07/2023