پارتی لە کەرکوک بە مەبەستی هاوپەیمانی سەردانی زۆربەی لایەنەکان دەکات بەبێ یەکێتی


بە مەبەستی گرێدانی هاوپەیمانی لە ناوچە جێناکۆکەکان و بەتایبەتی کەرکوک، وەفدێکی پارتی سەردانی زۆربەی لایەنەکان دەکات بەبێ یەکێتی.

میدیاکانی پارتی بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ هەینی شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی چەند لایەنێكی كوردستانی كرد لە شاری كەركووك، ئەمەش بە مەبەستی دروستكردنی هاوپەیمانییەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە كەركووك.

باقی ساڵەیی، ئەندامی مەكتەبی ڕێكخستنی كەركووك - گەرمیانی پارتی و سەرۆكی شاندەكەی پارتی بە میدیاکانی نزیکی پارتی ڕاگەیاندووە: "كەركووك دیارە بە لای پارتییەوە شارێكی كوردستانیی گرنگە و لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ كە كەركووك داگیر كرا، كار دەكەین بۆ ئەوەی كەركووك لەو دۆخە نەخوازراوە دەربهێنین."

دەشڵێت "وەك پارتی لە كەركووك سەردانی كۆمەڵی دادگەری و یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستانمان كرد، لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە كە بە جیا سەردانمان كردن، تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگامان كرد كە چۆن بتوانین بۆ ئەو هەڵبژاردنە لیستی كوردی بەهێز بێ و دەنگی كورد لە كەركووك پەرتەوازە نەبێ و پێمان خۆشە ئەو لایەنە سیاسییانە لەو لیستەی ئێمە پێكەوە بەشداری بین و چاوەڕێی وەڵامی ئەو لایەنانە دەكەین بۆ هاوپەیمانی."

ئەو سەردانانەی پارتی بەدەر بوو لە سەردانی یەکێتی و نەوەی نوێ.

بڕیارە لە ١٨ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بە كەركووكیشەوە بەڕێوە بچێت.



PM:08:51:07/07/2023