نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام بێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە) ڕایدەگەیەنێت" داعش هێشتا مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکات"، جەختیشی لە پێویستی بەردەوامی ئامادەبوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر" کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان (ماوە بۆدرێژکراوە)، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سـباستیان لیکۆرنو وەزیری بەرگری فەرەنسا ڕایگەیاند"كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان هه‌بوو، باسمان له‌ شه‌ڕی دژی داعش و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕه‌وی كرد، هه‌ردوولامان هاوڕابووین كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كی راسته‌قینه‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق و ناوچه‌كە، بۆیە پێویستە وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و فەرەنسا بەردەوام بن لە هاوکاریکردنمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". 

بارزانی دەشڵێت" سوپاسی فەرەنسامان کرد بۆ پاڵپشتی بەردەوامی فەرەنسا، گەلی کوردستانیش هەرگیز ئەو هاوکارییە لەبیر ناکات کە فەرەنسا پێشکەشی ناوچەکەی کرد". 

هاوکات لای خۆشیەوە وەزیری بەرگری فەرەنسا وتی" پەیوەندیەکی دۆستانە و رۆحیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەم سەردانە لەیادناکەم". 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی تەموزی ٢٠٢٣ سێباستیان لیکۆرن وەزیری بەرگری فەرەنسا گەیشتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ گەیشتنیشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەستی بە کۆبوونەوە کرد.

هەروەها بڕیارە وەزیری بەرگری فەرەنسا لەم سەردانەدا چاوی بە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێم بکەوێت.

سەردانەکەی وەزیری بەرگری فەرەنسا دوای سەردانەکەی دێت بۆ بەغدای پایتەخت، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە. 


PM:08:10:19/07/2023