هێزەکانی ئێران هاوشێوەی ژینا ئەمینی کچێکیتر رووبەرووی مەرگ دەکەنەوە

رۆژی یەکشەممە کچێکی مێردمندالی تەمەن ١٦ ساڵەی کورد بە بیانووی نەبوونی حیجاب  لە میترۆی تاران کەوتە بەر هێرشی هێزەکانی تایبەت بە کۆنترۆڵکردنی حیجابی زۆرەملێ، بە هۆی لێدانی تووندی ئەو هێزانەوە دەچێتە حالەتی ( کۆما ) و دەگەیندرێتە نەخۆشخانەی فەجری تاران. 

بە پێێ راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو رۆژی یەکشەممە ١ی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ هێزەکانی کۆماری ئیسڵامی  لە مێترۆی (شوهەدا)ی تاران، بە بیانووی ئەو شتەی کە بە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ ناودەبرێت، هێرشیان کردووەتە سەر( ئارمیتا گەڕاوەند) کە تەمەنی ١٦ ساڵانە و خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تارانە. 

رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوە دەکات هێزەکانی کۆماری ئیسڵامی  بەشێوەیەکی "دڕندانە و توندوتیژانە " ئەم کچە تەمەن ١٦ ساڵەیان داوەتە بەر لێدان کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی زەربەی توند، ناوبراو لەهۆش خۆی چووە و بۆ نەخۆشخانە گواستراوەتەوە.

لە ئێستادا هێزێکی زۆری ئەمنی لە نەخۆشخانەی فەجر جێگیرکراون و ڕێگە بە هیچ چەشنە سەردانیکردنێک تەنانەت لەلایەن بنەماڵەکەشییەوە بۆ لای ئەم کچە مێرمنداڵە، نادرێت. 

میدیاکانی سەر بە ئێران هۆکاری لەهۆشخۆچوونی ئارمیتا گەڕاوەندیان بە نزمی پەستانی خوێن ڕاگەیاندووە.
چەن میدیایەک کە لە ناویشاندا بی بی سی فارسی تیایە، ئاماژە دەدەن بەوەی کە دوو ڕۆژنامەنووس کە بۆ ئەنجامدانی ڕاپۆرتێک سەردانی ئەم نەخۆشخانەیان کردبوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوون.

ساڵێک لەمەوبەر ژینا ئەمینی کچە کوردی دانیشتوی سەقز لە شاری تاران بە بیانووی نەبوونی حیجاب کەوتە بەر هێرشی تووندی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسڵامی و دوای چەند رۆژ چاودێری لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا، ئەم رووداوەش  بووە هۆی دەربڕینی نارەزایەتی و خۆپشاندن لە سەرتاسەری ئێران بە تایبەتی لە شارە کوردەکان کە تا ئیستاش لە زۆرێک لە شارەکان بەردەوامی هەیە و خەڵکانێکی زۆر دەستگیر یا بێسەروشوێن کراون.


AM:11:43:04/10/2023