باوکی ژینا ئەمینی: ژینا نەمردووە، ناوی ژینا بووەتە رەمز

دوای بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی کچە کوردی رؤژهەڵاتی کوردستان باوکی لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسی " ناوی ژینا بووەتە هێمایەکی ئازادیخوازی و یەکسانی‌خوازی لە جیهان، ژینا نەمردوە ."

ئەمجەد ئەمینی باوکی ژینا ئەمینی لە ستۆرییەکدا لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی دوای بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینای کچی روو بە پەرلمانی ئەوروپا نووسی" هەواڵی دەستنیشانکردنی کچەکەمان ژینا وەک براوەی بەناوبانگترین خەڵاتی مافی مرۆڤی ئەورووپا، نیشانەی بایەخپێدانی ئێوە و کۆمەڵگەی جیهانی بە ستەملێکراویی ژینا و زۆرێک لە هاوتەمەنەکانیەتی کە لەبەر ئەوەی خولیای ژیانی ئازادیان هەبووە، گیانیان لەدەست داوە."

هەروەها نووسیویەتی: "ژینای کچمان نەمردووە. ئێمە لەگەڵی دەژین. پێ‌خۆشحاڵین کە ناوەکەی لە جیهاندا بووەتە هێمای ئازادیخوازی و یەکسانی‌خوازی و هەست دەکەین ئەویش لەگەڵ ئێمە بەمە دڵخۆشە."

پێشتریش دایکی ژینا موژگان ئیفتخاری، لەسەر ئینستاگرامەکەی نووسیبووی: "ژینا گیان، کچە شیرینەکەم. هەستە لە خەو و ببینتە ئەمڕۆکە ناوت لە سەرتاسەری جیهان دەنگ دەداتەوە. چاوەکانت هەڵێنە و ببینە کە ئەمڕۆکە بنەماڵەیەکت بە ئەندازی هەموو خەڵکی جیهان هەیە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ پەرلەمانی ئەوروپا ناوی براوەی خەڵاتی ئەمساڵی (ساخارۆڤی) بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بیرکردنەوە بڵاوکردەوە و خەڵاتەکە دەبەخشێت بە ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵی ڕابردوو لە تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای دەستگیرکردنی لە لایەن پۆلسی ئەخلاق گیانی لەدەستدا.



PM:11:03:19/10/2023