لە عەربەت ئاگر لە کارگەیەک کەوتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئاگر لە کارگەیەکی قیر کەوتەوە و بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان چەند کەسێک بوونەتە قوربانی. 

سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (١٢٢)، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە" بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی سەرەکی (عەربەت – سلێمانی) ئاگر لە کارگەیەکی دروستکردنی قیر کەوتووەتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی سووتانی کارگەکەوە کرێکارێک گیانی لەدەستداوە و سێ هاوڵاتی دیکەش بەسەختی بریندار بوون، لە ئێستاشدا تەرمی قوربانییەکە بە مەبەستی توێکاری ڕەوانەی پەیمانگەی پزیشکی دادوەری کراوە و سێ بریندارەکەی دیکەش گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی.

هەروەها لە ئێستاشدا تیمەکانی بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن. 

تا ئێستا لەبارەى هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە لەو کارگەیە، هیچ زانیارییەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە. 


AM:08:41:25/10/2023