سی پی تی داوای ئاشکراکردنى چارەنووسی ڕۆژنامەنووس (سلێمان ئەحمەد) دەکات

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمریكی ڕایدەگەیەنێت" پێویستە لەسەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکارەکانی دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد بۆ خانەوادەکەی ئاشکرا بکەن". 

تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویانکردەوە" تیمی ڕێکخراوەکەمان ئاگادارکراوەتەوە کە لە ڕۆژی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەوانی (کوردی - سوری) کە بۆ سەردانی خانەوادەکەی لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا بوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ پارێزگای سلێمانی کە شوێنی کارەکەی لەو پارێزگایەیە، لە دەروازەی سنوری فیشخابور دەستگیرکراوە". 

رێكخراوەكە دەشڵێت" بەپێی یاسا بەرکارەکان، پێویستە لەسەر بەرپرسانی حکومەتی هەرێم شوێنی دەستبەسەرکردن و هۆکارەکانی دەستگیرکردنی سلێمان بۆ خانەوادەکەی ئاشکرا بکەن". 

سی پی تی ئەمریكی جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە داکۆکیکردن لەو ڕۆژنامەوانانەی کە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان ماف و ئازادییەکانیان پێشێلدەکرێن.

دوێنێ بۆتان گەرمیانی سەرنوسەری ماڵپەڕی رۆژنیوز لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (سپی) راگەیاند" سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسەکەمان لەلایەن پەدەکەوە لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆکارێک دەستگیرکراوە و ماوەی چوار ڕۆژە بێسەروشوێنە". 


PM:08:02:30/10/2023