پارێزەری دۆسیەی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و ژمارەیەك ئەفسەر و پلە باڵای دژەتیرۆر ڕایدەگەیەنێت" بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر سكاڵامان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە".
چیا زەنگەنە راوێژكاری یاسایی و پارێزەری دۆسیەکە لە لێدوانێکدا بە میدیای فەرمی یەکێتی ڕاگەیاندووە" لەگەڵ هێڤار محەمەد وەك تیمی پارێزەرانی دۆسیەی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی و ئەفسەرە پلە باڵاكانی دژەتیرۆر، ڕۆژی ٣٠ی مانگی ڕابردوو لە یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر بڕیاری نایاسایی دادگای هەولێر ئامادەبووین، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر سكاڵای یاساییمان لەسەر سەرۆكی پەرلەمان لەسەر ئەو بڕیارە لە دادگای فیدراڵی تۆمار كردبوو".
دەشڵێت" لە دادگای فیدراڵی تانەمان لەو یاسایە داوە كە بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر و فەرماندەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی پێ تۆمەتبار كراوە كە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و یاساكە دوای چەندین جار درێژكردنەوەی ماوە یاساییەكەی لە ساڵی (٢٠١٨)ەوە بەسەرچووە، ئەمە جگە لەوەی پەرلەمانی كوردستانیش لەوكاتەدا لە بۆشایی دەستووریدا بووە و بەپێی بنەما دەستوورییەكان هەر یاسایەك كۆتایی بە ماوە یاساییەكەی هاتبێت، دادگاكان ناتوانن پشتی پێ ببەستن و بڕیاری پێدەربكەن".
"بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا هەرێمی كوردستان لە بۆشایی یاساییدایە و دەسەڵاتی یاسادانان كارا نییە، بۆ رەتكردنەوەی بڕیارەكەی دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر سكاڵامان لە دادگای فیدراڵی تۆماركردووە و داوامانكردووە سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگای هەولێر هەڵبوەشێنرێنەوە كە لە ڕووی یاساییەوە نایاسایین و بەیاسای بەسەرچوو بڕیاریان پێدراوە، یان بۆ مەرامی سیاسی پشتیان پێبەستراوە، لە بەغداوە بەریگریكاری هەموو ئەو كەسانە دەبین كە بە بڕیاری پارتی و دەزگای پاراستن لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بە نایاسایی و بە یاسای بەسەرچوو و مەرامی سیاسی بڕیاری نایاساییان بۆ دەرچووە و سزادراون". (چیا زەنگەنە وادەڵێت).