ئەو کەسانەی چاوەدێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن

بانکی رافیدەین بڕیاری داوە دۆلار بە نرخی فەرمی بداتە ئەو کەسانەی چاوەدێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ بانکی رافیدەین رایگەیاند" کەسانی نەخۆش و کەمدەرامەت کە چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی واتە ١٠٠ دۆلار بە ١٣٢  هەزار دیناری عێراقی وەربگرن ". 

هەروەها بانکی رافدەین وتی" تەنها بۆ مەبەستی کڕینی کەرەستەی بیناسازی دەبێت و ئامانج لە دەرکردنی ئەو بڕیارە بۆ دابینکردنی کەرەستەی بیناسازییە بۆ ئەو توێژە لە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی بیناسازی و هاوکات بە پێی پشکنینی رێکخراوی ناوەندی بۆ پاراستنی نرخی کەرەستە بیناسازییەکان".

ئەمەش لە کاتێکدایە،چەند رۆژێکە نرخی دیناربەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە دابەزینە کە چاوەدێرانی ئەم بوارە ئاماژە بەوەدەکەن کە هۆکاری دابەزینی ئەو دراوە دەگەرێتەوە بۆ ئەو بارگڕژییەی بەهۆی شەڕی فەلەستینەوە ناوچەکەی گرتۆتەوە کە عێراقیش خەریکە دەبێتە بەشێک لە شەڕەکە، ئەوە لە کاتێکدایە کە فرۆشی نەوتی عێراق لەلایەن بانکەکانی ئەمریکاوە کۆنترۆڵ کراوەوە و لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی چەندین رێکاریان بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار گرتووەتەبەر بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە.



PM:09:01:08/11/2023