چوارچێوەی هەماهەنگی دەیەوێت لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش هاوپەیمانییەتی دروست بکات

هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە چەند لیستێك بەشداریان لە هەڵبژاردنە كرد، ئێستەش بۆ دوای هەڵبژاردن دەیەوێت لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش هاوپەیمانییەتی دروست بکات. 

ئەمشەو چوارشەممە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەغدا بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكە و پێكهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگەكان و هەڵبژاردنی پارێزگارە نوێیەكان لە بەغدا كۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، گفتۆکۆ کراوە لەبارەی پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ھەڵبژاردنی پارێزگارە نوێیەکان.

هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" لایەنە شیعەکان بڕیاریانداوە ھاوشێوەی حکومەت و پەرلەمان، کوتلەی (چوارچێوەی ھەماھەنگیی) لە سەرجەم پارێزگاکان دروست بکەن بەمەبەستی پەلەکردن لە پێکھێنانی ئەنجومەنە خۆجێییەکان و دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان خۆیاندا".

چوارچێوەی ھەماھەنگیی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی عێراقە و لە لایەنە شیعەکان پێکدێت، کە بریتین لە: (مالیکی+عامری+خەزعەلی+ فالح فەیاز+ عەبادی+ عەممار حەکیم).

هێزە شیعەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە چەند لیستێك بەشداریان لەو هەڵبژاردنە كرد، بە ئومێدی ئەوەی بۆشایی موقتەدا سەدر پڕ بکەنەوە ئاستی بەشداری خەڵک لە پرۆسەی ھەڵبژاردن بەرزبکەنەوە، بەڵام رێژەی بەشداری ھەمان رێژەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان بوو لە ٢٠٢١دا کە رێژەی ٤١٪‏ـە.

بەپێی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، ھاوپەیمانی عامری+ خەزعەلی براوەی یەکەم و ھاوپەیمانێتییەکەی مالیکی براوەی دووەم و ھاوپەیمانی حەکیم+ عەبادی لە پلەی سێیەمدایە.



AM:12:02:21/12/2023