نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئیدانەی بۆردومانهكهی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئهمریكا بۆسهر هێزهكانی حهشدی شهعبی دهكات و دەڵێت" ئهم ههنگاوه زیان به پهیوهندییهكانی نێوان بهغدا و واشنتن دهگهیهنێت".
نوسینگهی راگهیاندنی محهمهد شیاع سودانی سهرۆك وهزیرانی عێراق، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" حکومەتی عێراق پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ڕێگەی هەموو هێزە ئەمنییەکانی و سەرجەم دامەزراوە دەستوورییەکانی و سەرجەم دەسەڵاتە یاساییەکانییەوە، بە توندی مامەڵە لەگەڵ هێرشەکانی هەندێک توخم بۆسەر بارەگاکانی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان دەکات یان ئەو شوێنانەی کە ڕاوێژکاری سەربازی وڵاتانی دۆست تێیدا جێگرن، ئەم هێرشانە پێشتر وەک کردەوەی دوژمنکارانە دەستنیشانکراون کە کاریگەرییان لەسەر سەروەری دەوڵەتی عێراق هەیە و قبوڵ ناکرێت کە لە ژێر هەر بارودۆخێکدا یان لە ژێر هەر ناوێک یان پاساوێکدا ئەنجام بدرێن".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" حکومەتی عێراق ئیدانەی ئهو رووداوه دهكات كه بهرهبهیانی ئهمڕۆ سێشهممه ڕوویدا، بە ئامانجگرتنی شوێنە سەربازییەکانی عێراق لەلایەن لایەنی ئەمریکییەوە بە بیانووی وەڵامدانەوە کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ئەندامێک و برینداربوونی ١٨ کەسی دیکە کە بەشێکیان خەڵکی مەدەنی بوون، ئەمەش کردەوەیەکی دوژمنکارانەی ڕوون و بێ بنیاتنهره کە خزمەت بە ڕێگای بەرژەوەندییە هاوبەشە درێژخایەنەکان ناکات، بە پێچەوانەی خواستی ڕاگەیەندراوی لایەنی ئەمریکی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق کاردەکات".
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەم هەنگاوە زیان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات دەگەیەنێت، هەروەها ڕێگاکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لە ڕێگەی گفتوگۆی هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاڵۆزتر دەکات و لە سەرووی هەمووشیانەوە نوێنەرایەتی پێشێلکارییەکی قبوڵنەکراوی سەروەری عێراق دەکات".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە" هێزە ئەمنییەکانمان سەرکەوتوو بوون لە بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری وڵاتەکەمان، هەروەها سەرکەوتن بەسەر چەتەکانی داعش کە چیتر مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی عێراق دروست ناکەن، بۆیە پاراستنی بەرهەمی ئەم سەرکەوتنە لە سەرانسەری وڵاتەکەماندایە، ڕێگەش بە هیچ لایەنێک نادەین سازش لەسەر ئەو شتانە بکات کە بەدەست هاتووە لە ڕێگەی هەزاران قوربانیدانی بەنرخەوە چەسپاوە".
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە وەڵامی ئەو هێرشانەی لە عێراق و سوریا دەکرێتە سەر هیزەکانمان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا چەند پێگەیەکی حزبوڵامان لەناو خاکی عێراق بە ئامانج گرتووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی کە بنکەیەکی سەربازی لە هەولێر کردە ئامانج و لە ئەنجامدا برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە".