مامۆستایان لەبارەی شکاندنی بایکۆتەوە: هیچ کات ناچینە ژێر فشارەکانتان

ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی رایدەگەیەنن" دەسەڵات فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێندنی منداڵی هەژار دەرێژێت تاوەکو بەردەوامی بە تاڵانکارییەکانیان بدەن"، دەشڵێن" بە ئیرادەیەکی بەهێزتر لە رابردوو بەڵێنی خۆڕاگری و رووبەڕووبونەوەی فشارەکان دەدەین و هیچ کات ناچینە ژێر فشارەکانتان". 

ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، کەمێک پێش ئێستا لەبارەی نوسراوه‌ فه‌رمییه‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كانی ناوچه‌ی بایكۆت بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خوێندنگاكان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاویانکردەوە" لە دوای خۆپیشاندانە فراوانەکەی ئەمڕۆی شار و شارۆچکەکان و هەڵوێستی پێکەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لێرەو لەوێ، دەسەڵات لە ڕێگای بارەگای حیزبی و بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ و دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشکێنێت و بەبێ هیچ دەستکەوتێك بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن". 

دەشڵێن" لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئیرادەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو بەڵێنی خۆڕاگری و ڕوبەڕوو بوونەوەی فشارەکان دەدەن و هیچ کات ناچیە ژێر فشارەکانیان، کە دەیانەوێت لە پاڵ ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێندن و منداڵی فەقیردا درێژە بە تاڵانکاریەکانتان بدەن و مامۆستایان بە گیرفانی خاڵی و دڵێکی شکاوەوە بەرنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن". 

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا مامۆستایانی نارازی روو له‌ دایک و باوکانی خوێندکاران دەکەن و دەڵێن" مافی خوێندنی مناڵەکانتان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هاوهەڵوێست بە مامۆستایان، ڕووی داخوازیەکانتان بکەنە ئەو دەسەڵاتەی کە چەندین ساڵە وەك پەراوێز مامەڵەی لەگەڵ خوێندنی مناڵەکانتان کردووە و هیچ کات بە تەنگ کەرتی پەروەردەوە نەبووە، وەك چۆن هۆکاری هەموو قەیرانەکانەکانی ئەم وڵاتە خاوەن نەوتە دەوڵەمەندەیە". 

دەقی ڕوونکردنەوەکە: 


ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە

مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و هاوڵاتیانی خۆڕاگر
 
لەدوای خۆپیشاندانە فراوانەکەی ئەمڕۆی شارو شارۆچکەکان و هەڵوێستی پێکەوەیی مامۆستایان و فەرمانبەران، لێرە و لەوێ دەسەڵات لە ڕێگای بارەگایی حیزبی و بەکارهێنانی دامەزراوە پەروەردەییەکانەوە هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ و دەیەوێت ئیرادەی مامۆستایان بشکێنێت و بەبێ هیچ دەستکەوتێك بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، لە بەرامبەریشدا مامۆستایان و فەرمانبەران بە ئیرادەیەکی بەهێزتر لە ڕابردوو بەڵێنی خۆڕاگری و ڕووبەڕوو بونەوەی فشارەکان دەدەن و هیچ کات ناچینە ژێر فشارەکانتان، کە دەتانەوێت لە پاڵ ڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ خوێندن و منداڵی فەقیردا درێژە بە تاڵانکاریەکانتان بدەن و مامۆستایان بە گیرفانی خاڵی و دڵێکی شکاوەوە بەرنەوە نێو هۆڵەکانی خوێندن
 
هەر بۆیە دەمانەوێت لێرەوە ڕوو بکەینە ئەو بەڕێوبەر و بەرپرسە پەروەردەییە بەهەڵوێستانەی نەبونەتە بەشێك لە فشارەکان و پێیان بڵیین : ئێوە لەگەڵ خۆتان و پەیامی پەروەردەیتاندا ڕاستگۆن و داهاتوو ئەمەتان وەك شانازی بۆ تۆماردەکات، لە هەمان کاتدا بەو بەڕێوبەر و بەرپرسە پەروەردەییانەش کە بوونەتە بەشێك لە فشارەکانی دەسەڵاتی ستەمکار و بە زمانی : هەڕەشەو سزا لەگەڵ مامۆستایاندا دەدوێن دەلێین ئەوەی ئێوە دەیکەن درێژەدانە بەو ستەمکاریەی کە بوەتە هۆی بڕینی قوتی مناڵەکانمان و پشتیوانی ئەو بەرپرسانەیە کە هیچ باکیان بە ژیانی هاوڵاتیان و کەرتە خزمەتگوزاریەکان نیە و تەنها چاویان لە بەردەوامی ئەو تاڵانکاریەیە کە بە شێوازێکی سیستماتیك ئەنجامی دەدەن، هەربۆیە مێژوو هەر جۆرە هەوڵێکی ناپەروەردەییانە و زمانی هەڕەشەی حیزبیانەتان وەك خاڵێکی ڕەش بۆ دەنوسێتەوە، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر مامۆستایان و فەرمانبەران دەکرێت ستەمێکی بێ وێنەو برسیکردنێکی ڕوونە و فشارکردنیش پشتیوانی ستەم و برسیکردنە
 
لێرەوە دەمانەوێ ڕوو بکەینە مامۆستایانی خاوەن هەڵوێست و بڵێین بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئەو نامەو بڵاوکراوە و زمانی هەڕەشانە ببنەوە کە ئاراستەتان دەکرێن، چونکە ئەوەی بڕیارە سزابدرێت حکومەتێکی نابەرپرس و بەرپرسانێکی مشەخۆری گەندەڵن نەك مامۆستایەکی گیرفانخاڵی ستەم لێکراو، بەپێی یاساش بەرپرسی یەکەمی هەموو گرفتەکان حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە پابەندی ئەو گرێبەستە مەدەنیە نەبوە کە لە نێوان خۆیی و مامۆستاو فەرمانەردا هەیە، لە کاتێکدا مامۆستایان بە ئەرکی خۆیان هەستاون، بەڵام حکومەتی هەرێم لە دەساڵی ڕابردوودا ١٥ مووچەی تەواوی پێنەداون و ٤٤ مووچەی بە پاشەکەوت و لێىرینەوە پێداون و کۆتا پێشێلکاری ئەو گرێبەستەش پێنەدانی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١و١٢ی ٢٠٢٣ یە، بۆیە بە پێی یاسا هەر هەڵوویست و ڕێگایەك بۆ داواکردنی ئەو مافانە ڕەوا و یاسایین و بە پێچەوانەوە هەموو هەنگاوەکانی دەسەڵات نایاسایین.
 
لە کۆتایدا ڕوودەکەینە دایک و باوکانی خۆشەویستی خوێندکاران و پێیاندەڵێین: مافی خوێندنی مناڵەکانتان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هاوهەڵوێست بە مامۆستایان ، ڕووی داخوازیەکانتان بکەنە ئەو دەسەڵاتەی کە چەندین ساڵە وەك پەراوێز مامەڵەی لەگەڵ خوێندنی مناڵەکانتان کردوە و هیچ کات بەتەنگ کەرتی پەروەردەوە نەبووە، وەك چۆن هۆکاری هەموو قەیرانەکانەکانی ئەم وڵاتە خاوەن نەوتە دەوڵەمەندەیە.
 
سەرکەوتنی ئەم خەباتە مەدەنیە تەنها پێویستی بە خۆڕاگری و پشوو درێژی هەموان هەیە.
ـ
ئەنجومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی


PM:09:22:08/01/2024