کەشناسێک: بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان‌و بارانی بەخوڕو تەرزە لە شوێنە نزمەکان دەبارێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاماژە بەوەدەکات کە ئەمڕۆ لەکاتەکانی ئێوارەوە قۆناغێکی دیکەی ناسەقامگیری بەرگەھەوا لەناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوەو بارانی بەخوڕ و تەرزە دەبارێت و سبەینێ پلەکانی گەرما دادەبەزن و ئەگەری بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند" لەئەنجامی چالاکبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست ئەمڕۆ لەکاتەکانی ئێوارەوە قۆناغێکی دیکەی ناسەقامگیری بەرگەھەوا لەناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە سەرەتاش لەناوچەکانی ئیدارەی گەرمیانەوە و پاشان بەگوێرەی کات سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەولێر و دھۆک و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین ئەگرێتەوە خۆی ئەبینێتەوە لە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و ناوبەناو تاوە بارانی بەخوڕ و بارینی تەرزە ، زۆرترین رێژەی باران لەم قۆناغەدا پێشبینی دەکرێت بۆ ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین وە لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ و شەودا لەناوچە نزمەکانی گەرمیاندا دووبارە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو ھەیە". 

ئاراس جەبار سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی شەممە ١٧ی شوبات ئەوەشی خستووەتەڕوو" بارانی پچر پچر بەرێژەی مامناوەند و ھەورە بروسکە بەردەوامی ئەبێت و لەئەنجامی ھاتنی ھەوایەکی ساردیش لە دەریای ناوەراستەوە پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٤ تا ٥ پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت و ئەگەری بارینی بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان لەبەرزی ١٧٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە ئەبێت ، خێرای با لەسەرخۆ و ھەندێک کات مامناوەند ئەبێت ١٠-٢٠کم/ک لە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاواوە ، کاریگەری ئەم قۆناغەی بارانبارین سبەی شەو کۆتای پێدێت".

ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی دەڵێت" لەرۆژانی داھاتووشدا لەیەکشەمەوە ١٨ی مانگ تا ٢٢ مانگ  لەئەنجامی بەردەوامی کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای ناوەراست و ئەو بارانە زۆرەی لەناوچەکەدا باریوە شێی پێویست ئەبێت بۆ چربوونەوەی ھەور و رۆژانە لە کاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئەگەری دروستبوون و گەشەکردنی کەڵەکە ھەوری جێگیر و تاوە باران و بروسکە لەسەر ناوچەی جیاجیا ئەبێت". 



PM:03:58:16/02/2024