لاهور جەنگی ناوی لیستەكەی لە كۆمسیۆن تۆمارکرد

لاهور جەنگی ناوی لیستەکەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند و ئەمڕۆش لیستەکەی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرد. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەری (سپی) کەوتووە، دوێنێ‌ چوارشەممە لە شاری هەولێر، لاهور جەنگی بە بەشداری (١٦٠) کەس حزبێكی نوێی بە ناوی (بەرەی گەل) دامەزراند كە لۆگۆی حزبەکەیان خۆرێكە.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، ئەمڕۆش لاهور جەنگی بەشێوەیەکی فەرمی ناوی لیستەکەی لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکردووە و بڕیارە بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات. 

هەروەها فەرهاد عومەر هاوسەری ژینۆ محەمەد بە سەرۆكی حزبە نوێکەی لاهور جەنگی (بەرەی گەل) دەستنیشانکراوە و (١٢) كەسی دیكەش وەك ئەندامی سەركردایەتی هەڵبژێردراون. 

ڕۆژی ٢٦ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لاهور جەنگی بەشێوەیەکی فەرمی جیابوونەوەی خۆی لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان راگەیاند. 

هەرچەندە لە کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لاهور جەنگی بە هاوسەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا، بەڵام لە ٨ی تەموزی ٢٠٢١ بافڵ تاڵەبانی لاهور جەنگی لە ناو ڕیزەکانی یەکێتی دورخستەوە. 


PM:02:08:14/03/2024