کەشناسێک: لە ڕۆژانی جەژندا ئەگەری تەرزە و بارانبارین هەیە

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو بارانبارین و تەرزە و ھەورەبروسکە دەستپێدەکاتەوە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری كەشناسی، ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی نیسانی ٢٠٢٤ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردەوە" ھەفتەیەک زیاترە ناوچەکەمان لە ژێر کاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆیەکی ھەوادایە کە بارستە ھەوای گەرم و وشکی لە باکووری ئەفریقاوە بەفراوانی ھێناوەتە سەر زۆر لە ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و وڵاتانی شام و تورکیا و عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەھۆشییەوە پلەی گەرما بەرزبووەتەوە، ھاوکات چەندین رۆژە بەھۆی چالاکی بەھێزی نزمە پاڵەپەستۆکانی دەریای سوور و ھاتنی بڕێکی زۆری شێ بۆ سەر ناوچەکانی سعوودیە، تەرزە و بارانێکی زۆر دەبارێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ھەندێك ناوچەدا باران و تەرزە هێندە بەھێز و نائاسایین كە قەبارەی دەنكە تەرزەکان گەورە و زیانگەیەنەر بووە، بارینی تەرزەی دەنك گەورە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە زۆربەی وڵاتانی جیھان بە ڕوونی بەرچاو دەکەوێت و ماوەی ڕابردووشدا لە ھەندێ شوێنی کوردستان تەرزە بە قەبارەی گەورە باری و گۆڕانی کەشوھەوا زەقتر دەبینرێ و دیاردەکانی کەشوهەوا توندوتیژتر بوون". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، پلەی گەرما لە ڕۆژانی داھاتوودا بەراورد بە ئێستا ٢ تا ٣ پلەی دیکە بەرزدەبێتەوە، لە سەرەتای ھەفتەی داهاتوودا لە ڕۆژی یەکشەممەوه پێشبینی دەکرێت شەپۆلەکانی دەریای ناوەڕاست و بە تایبەت دەریای سوور، بە ھاتنی بارستە ھەوای شێدار بۆسەر ناوچەکان چالاکببێتەوە، بارانبارین و تەرزە و ھەورەتریشقە دەستپێبکەنەوە، بە تایبەت لە ڕۆژانی ٨ و ٩ی مانگدا چەقی کاریگەری ئەو ناسەقامگیرییە دەبێت، ئەگەر ھەیە تا ١٢ی مانگیش ناوبەناو بەردەوام بێت کە زیاتر بەشێوەی تاوەباران و تەرزە دەبارێت و رێژەی دابارینەکان ڕوون نییە و لە نێوان شارێک بۆ شارێک، تەنانەت گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاوازییان دەبێت.

ئاراس جەبار باسی لەوەشكردووە، لە ماوەی ڕۆژانی هاتنی شەپۆلەكەدا، پێشبینی بارینی بەخوڕی تەرزە و باران و چالاکبوونی ھەورە تریشقەی بەھێز دەکرێت، لە سەرەتا و ناوەڕاستی شەپۆلەکەشدا پلەی گەرما کەمێک نزمدەبێتەوە و لە کۆتاییەكەی زیاتر نزمدەبێتەوە، بەڵام ناگاتە ئاستی ساردبوون و بەستن، بەڵكو کەشێکی فێنک دەبێت.


PM:01:04:03/04/2024