لە سلێمانی ئامادەکارییەکان بۆ رۆژانی جەژن ڕاگەیەندرا

تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان تەندروستی سلێمانی پلانی بۆ رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن داناوە". 

بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، ئەمشەو یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی رەمەزان تەندروستی سلێمانی پلانی بۆ رۆژانی پێش جەژن و رۆژانی جەژن داناوە و تیمی تەندروستی لە ناو بازاڕەكان و شوێنە گەشتیارەكان و ناوچە جیاجیاكان جێگیردەكات". 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" بەپێی پلانەكە رۆژانی پێش جەژن تیمی تەندروستی لە بەردەركی سەرا و كاسۆمۆڵ لە كاتژمێر ٩ی بەیانی تاوەكو ١٠ی شەو دادەنرێت". 

ئەوەش هاتووە" یەكەم رۆژی جەژن ٨ تیمی تەندروستی لە سەرقەبران و پاركی ئازادی و شەقامی سالم و چاڤی لاند و پاركی هەواری شار دادەنرێن، دووەم رۆژی جەژن ٩ تیمی تەندروستی لە پاركی ئازادی و سەرچنار لە كاتژمێر ٢ی نیوەڕۆ تاوەكو درەنگانێكی شەو دادەنرێن، سێیەم رۆژی جەژن ٤ تیمی تەندروستی لە پاركی ئازادی و سەرچنار و پاركی ئازادی و چاڤی لاند دادەنرێن". 

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە ڕۆژانی جەژندا لە سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكان و بنكە و مەڵبەندە تەندروستییەكانی دەرەوەی شار تیمی تەندروستی تەرخانكراوە، بۆئەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەشی هاوڵاتییان بكەن.

بڕیارە سبەینێ دووشەممە لیژنەی باڵای بینینی مانگ چاودێریی مانگ بکەن و یەکەمین رۆژی جەژنی رەمەزان دیاریبکەن.


PM:08:18:07/04/2024