کەشوهەوای رۆژانی جەژن راگەیەندرا

پسپۆرێکی بواری کەشناسی پێشبینی دەکات سبەی شەو سێ شەممە شەپۆلی دووەمی تاوە باران رووبکاتە هەرێم.

ئاراس جەبار پسپۆریی بواری کەشناسی پێشبینی 
دەستپێکردنی قۆناغی دووھەمی تەرزە و باران و ھەورە بروسکە دەستپێبکات و، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە سبەی سێشەمە ئاسمانی ھەرێمی کوردستان ساماڵ و دوای نیوەرۆ بەزۆری ئەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور و تاوە بارانی کەم و بروسکە لەھەندێ ناوچەدا بەدیاری نەکراوی ئەبێت ، پلەکانی گەرما بەڕاورد ئەمڕۆ تا ٤ پلە بەرزدەبێتەوە".

هەروەها دەشڵێت" لەکاتەکانی سبەی ئێوارە و شەودا قۆناغی دووھەمی ناجێگیری کەشوھەوا لەئەنجامی کاریگەری ھەردوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و دەریای سپی ناوەراست بۆ سەر ناوچەکانمان شەپۆلێکی ھەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕ و تەرزە دەستپێدەکاتەوە و بۆ رۆژی چوارشەمە ١٠ ی نیسان کە دەکاتە یەکەم رۆژی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان کاریگەری ناجێگیری کەش و ھەوا زیاتر ئەبێت لەسەر ناوچەکەو تاوە بارانی بەخوڕ و ھەورە بروسکەی بەھێز چالاک ئەبێت لەکات و شوێنی جیاوازدا لەھەندێ ناوچەش ئەگەری بارینی تەرزە ئەبێت، پلەکانی گەرما ٦تا ٨ پلە بەڕاورد بە سبەی نزمدەبێتەوە و بای باکوری رۆژھەڵات چالاک ئەبێت بەتایبەت لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بەخێرای ١٥-٣٥کم/ک .

ئاراس جەبار باس لەوەش دەکات کاریگەری ئەم ناجێگیریە ئێوارەی رۆژی چوارشەمە ١٠ ی نیسان لاواز ئەبێت و بەلاوازی تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەمە ١١ ی نیسان ناوبەناو لەھەندێ شوێندا ھەورە بروسکە و تاوە بارانی کورت خایان بەردەوامی ئەبێت و پاشان کۆتای پێدێت، پلەکانی گەرما بۆ رۆژانی دواتر بە نزمی ئەمێنێتەوە و بای باکوری رۆژھەڵاتیش بەچالاکی ئەمێنێتەوە لەسەر رۆژھەڵاتی ھەرێم. 

 بەرزترین پلەی گەرمی پێشبینیکراوی سبەی سێ شەممە بەم شێوەیە دەبێت: 

ھەولێر ٢٧ پلە
سلێمانی ٢٦ پلە
دھۆک ٢٤ پلە
ھەڵەبجە ٢٨ پلە
کەرکوک ٣٠ پلە
ئیدارەی گەرمیان ٣٥ پلە
ئیدارەی راپەرین ٢٦ پلە
ئیدارەی سۆران ٢٤ پلە 



AM:11:44:08/04/2024