مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەوەدا نییە کە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت

ئەمڕۆ لە دیداری نێوان سەرۆکی پارتی و باڵیۆزی یەکێتیی ئورووپا باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ کرا و سەرۆکی پارتی رایگەیاند" ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت".

ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی  پێشوازی لە تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق كرد و گفتوگۆ کرا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان.

لە دیدارەكەدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان. 

راشیگەیاند" ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتیەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە".

مەسعود  بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست چارەسەر بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەبوونی مافەكانیان بدۆزرێتەوە".

 وتیشی" داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت".

لە درێژەی قسەکاندا بارزانی سوپاسی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد كە بە پەرۆشیەوە هاتوونەتە سەر  هێڵ و بە بایەخەوە ڕا و تێبینیەكانی پارتیان وەرگرتووە، و رایگەیاند"  ناكرێ لەو وادەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری كراوە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بەڕێوەبچێت،  بەڵام هەندێك بەرەوپێشچوون هەیە لەوەی كە لایەنەكان پێكەوە كار لەسەر نەهێشتنی گیروگرفتەكان بكەن، بە دڵنیایشەوە چارەسەركردنی ئەو گرفتانە پێویستی بە دەرفەتی زیاتر هەیە، بۆیە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێك زۆر گرنگترە لەوەی هەڵبژاردنێك بەڕێوە بچێت كە تێیدا مافی دەنگدەران و پێكهاتەكان پێشێل كرابێت".

هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە هیوادارە بە بەشداریی هەموو لایەنەكان و نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمیسیۆنی عێراقی بتوانرێ كەموكوڕییەكان چارەسەر بكرێن و ڕێگە بۆ هەڵبژاردنێكی ڕاستەقینە و پاك و شەفاف خۆش بكرێت و چارەسەرێكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان بدۆزرێتەوە.

لە بەرمابەردا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا  وتویەتی" كە یەكێتیی ئەورووپا تێبینی و سەرنجەكانی پارتی لەسەر لایەنە تەكنیكییەكانی هەڵبژاردن و بێبەشبوونی پێكهاتەكان بە جددی وەرگرتووە و لە نزیكەوە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان بەدواداچوون بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە دەكات، و هەم یەكێتیی ئەورووپا و هەمیش نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر ئەوە هاوڕان كە هەڵبژاردن بە بێ بەشداریی حزبێكی گەورەی وەك پارتی، دیموكراتیانە و سەركەوتوو نابێت".



PM:06:46:17/04/2024